لەماوەی ٣ رۆژدا ٥ کەس لەکوردستانی ئێران کوژراون

18:45 - 19 رەشەمه 2714
ئاژانسی کوردپا: تەنیا لەماوەی ٣ رۆژی رابردوودا ٥ هاووڵاتی کوردی خەڵکی شارەکانی ئیلام، روانسەر و خۆی کوژراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە ١٦ی رەشەممە، تەرمی باوکێک و دوو کوڕی لە دەورووبەری شاری ئیلام دۆزرایەوە. بکووژەکە دوای کوشتنی ئەو سێ کەسە تەرمەکانیانی لەدەرەوەی شار فڕێدابوو.

بەرپرسانی قەزایی شاری ئیلام هۆکاری کوشتنی ئەو کەسانەیان کێشەی بنەماڵەیی راگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی شەممە ١٦ی رەشەممە، تەرمی لاوێکی خەڵکی روانسەر بەناوی محەممەد رەئووف مەحموودی‌تەبار، بە هەڵواسراوی و لە شاخی \"یەڵەوڕ\" دۆزرایەوە.

ئەو هاوڵاتییە روانسەرییە ماوەی ١٥ رۆژ بوو کە بێ سەر و شوێن ببو. هەتا ئیستا روون نەبووەتەوە کە ناوبراو خۆکوژی کردووە یان لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراوە.

هەروەها هەر ئەو رۆژە، ژنێکی گەنج بەناوی \" شیلان شاه وەیسی\" لەلایەن میردەکەیەوە و بەبیاننووی \" پاراستنی نامووس\" بەشێوەێەکی دڕندانە کوژرا.

ئەو ژنە گەنجە کە دانیشتووی گوندی \" قاشقا بڵاغ\"ی شاری خپی بووە، ماوەیەک پێش بە هۆی هەڵسوکەوتی نەشیاوی مێردەکەیەوە گڕابووە ماڵی باوکی و دوو رۆژ پێش لە رووداوەکە لەلایەن مێردەکەیەوە گەڕاندرابووەیەوە بۆ مالی خۆیان.

بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ٩ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٩ ژن و کچی کورد لە کوردستانی ئیران بەدەستی خزم و کەس و کاریان کوژراون.

ئەم ئامارە لەکاتێکدایە کە بە پشت بەستن بە ئاماری ناوەندی ئاماری کوردپا، لەساڵی ٩٢ تەنیا ١٤ ژن و کچی کورد بەدەستی خزم و کەس و کاریان کوژراون.

خالید تەوەکولی، کۆمەڵناسی دانیشتووی سەقز پیشتر بە ئاژانس کوردپای وتبوو \" کاتێک کە گوشاری ئابووری بۆ سەر خەڵک زیاد و بێکاری لەپەرەسەندندایە و ئازادییە سیاسییەکان بەرتەسک بوونەتەوە، توندوتیژی پەرە دەستێنێت و خەڵک لەبەرانبەر یەکتر پەنا بۆ توندوتیژی دەبەن.

ئا: شاهۆ