لەشاری مەهاباد كۆڕێكی حەیرانبێژی بەڕێوەچوو

13:30 - 17 رێبەندان 2713
ئاژانسی كوردپا: بنكەی فەرهەنگی و هونەری ئەدەبیی موكریانی مەهاباد بە هاوكاری چالاکانی فەرهەنگی ئەو شارە كۆڕێكی تایبەتی بۆ حەیرانبێژانی كورد پێكهێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ١٦ی رێبەندان كۆڕێكی حەیرانبێژی لەشاری مەهاباد بە بەشداری هونەرمەندان، ئەدیبان، ئەندامانی شۆرا وكارمەندانی شارەوانی ساز كرا.

لەو كۆڕەدا هونەرمەندانی وەكوو عەلی گڵێنانی، حەیران ــ ئەحمەد حەیران، حەیران و گۆرانی ـ سەلاح خزری، حەیران و گۆرانی ـ بەهمەن مەولوودی و ئەبووبەكر غەریب نەواز ، شمشاڵ و زەرب بەشدار بوون.

هەر لەو كۆڕەدا پەیامی بنكەی فەرهەنگی و هونەری ئەدەبیی موكریانی مەهاباد لەلایەن شەویار گولابی ئازەرەوە پێشكەش بە بەشداران كراوە و لەكۆتایی كۆڕەكەدا رێز لەهونەرمەندان گیراوە و خەڵات بەسەریاندا دابەش كراوە.

هەر لەدرێژەی چالاكییە هونەرییەكاندا لەشاری مەهاباد، بڕیارە گرووپی \"هەزار ئەفسان\" كۆنسێرتێكی مۆسیقای ناوچەی موكریان و مۆسیقای كرمانجی ناوچەی خوراسانی شوماڵی بەڕێوە ببات.

ئەو كۆنسێرتە بڕیارە رۆژی هەینی و شەممە رێكەوتی ١٨ و ١٩ی رێبەندان لە تالاری وەحدەتی شارەوانیی مەهاباد بەڕێوە بچێت و بەوتەی بەڕێوەبەرانی كۆنسێرتەكە بڕیاریشە تێیدا چەندین پارچە موزیكی شۆڕشگێڕیی ناوچەی توربەت جام پێشكەش بكرێت.

وێنــه: فه‌یس‌بووک

\"18220.jpg\"

\"18226.jpg\"

\"18227.jpg\"

\"18219.jpg\"