لەشاری سەقز دیمانەیەکی شێعری بۆ مامۆستا ئاسۆ پێكهات+وێنە

14:30 - 30 رێبەندان 2713
ئاژانسی كوردپا: بە بەشداریی شاعیران و ئەدیبانی كوردستان لەشاری سەقز، كۆڕێكی ئەدەبی و شێعر خوێندنەوە بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ٢٩‌ی رێبەندان \"ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەویی كورد\" لە شاری سەقز دیمانەیەکی بۆ مامۆستا ئاسۆ (سەعید نەجاری) شاعیری ناسراوی بۆكانی رێكخست.

ئەو كۆڕە شێعرە بە بەشداریی شاعیرانی شارەكانی سەقز، دیواندەڕە، بۆكان، مەهاباد و بانە بەڕێوە چوو، کە تیایدا شاعیرانی وەکوو عەزیز میرزاقادری، كەریم دافعی، مامۆستا ئاسۆ، ئەحمەد یاسینی و چەندین شاعیری دیکە بەشداربوون.

\"18423.jpg\"
سەعید نەجاری ناسراو بە مامۆستا ئاسۆ ساڵی ١٣٣٥‌ی هەتاوی لە ئاوایی \"ساروقامیش\"‌ی شاری بۆكان چاوی بە دونیا هەڵێناوە و دوای بڕینی قۆناغەكانی خوێندن و بەدەست هێنانی بڕوانامەی كارناسی باڵای ئەدەبیات لەزانكۆی تەورێز، وەكوو مامۆستا لەزانكۆكانی بۆكان و مەهاباد سەرقاڵی وانە وتنەوەیە.

مامۆستا ئاسۆ لەماوەی تەمەنی ئەدەبیی خۆیدا خاوەنی ١٠ بەرهەمە و بەشێك لەو بەرهەمانەشی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی فارسی.

ئەنجومەنی ئەدەبیی مەولەوی كوردی سەقز بە یەکێک لە ئەنجومەنە چالاکەکانی شاری سەقز دێتە ئەژمار و هەتا ئێستا دەیان کۆڕی ئەدەبی و رەخنەیی بۆ شاعیرانی کوردی خەلكی شارەکانی بانە، سەقز، بۆکان، دیواندەرە، سەردەشت و پیرانشار بەڕێوە بردووە.

وێنە: لاپەڕەی ک.د. ئازاد
\"18422.jpg\"

\"18428.jpg\"