لەشاری سەردەشت نەخۆشەکان لەگەڵ بێ ئیمکاناتی پزیشکی بەرەوڕوون

16:16 - 3 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: ماوەیەکە نەخۆشەکانی وەکوو ژنانی دووگیان و کەسانی دیکەش بە دەست بێ ئیمکاناتی نەخۆشخانەی شاری سەردەشتەوە دەناڵێنن و نەخۆشخانەکەش لەوەرگرتنی نەخۆش خۆی دەبوێرێ.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەشاری سەردەشت ماوەیەکە نەخۆشخانەی ئەو شارە بە بیانووی بێ ئیمکاناتی خۆی لەوەرگرتنی نەخۆشەکان بە تایبەتی ژنانی دووگیان بواردووە و ئەو ژنانە بە ناچاری روو دەکەنە شارەکانی دیکە.

بەوتەی ژمارەیەک لەکەسوکاری ئەو نەخۆشانە، زۆر جاریش کە نەخۆشخانە نەخۆش وەردەگرێت بە دوور لەئەرکی پزیشکی هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکرێت و پشت گوێیان دەخەن.

ئەمانە لەحاڵێکدان کە هەتا ئێستا چەندین حاڵەتی گیان لەدەست دانیش بە هۆی کەمتەر خەمی پزیشکییەوە لەنەخۆشخانەی شاری سەردەشت رووی داوە.

ماوەیەک لەمەوبەر ژنێکی دووگیان لەنەخۆشخانەی \" ئیمام خومەینی\" شاری سەردەشت بە هۆی کەمتەر خەمی پزیشکەکانەوە گیانی لەدەست دا.

عیسمەت تەمەن ٣٥ساڵ ناوی ئەو ژنە بوو کە کەمتەر خەمی و درنگ پێراگەیشتن پێی، بووە هۆی گیان لەدەست دانی و هاوکاتیش کورپەلەی ناو زکیشی مردبوو.

لەلایەکی دیکەوە خەڵکی ئەو شارە بەدەست گرانی و نەبوونی دەوا و دەرمانەوە لە فشاردان و زۆر جاریش ئەو دەرمانەی کە پێویستیانە لەو شارە دەستیان ناکەوێت.

بەشێک لەهاووڵاتیان بەتایبەت دانیشتوانی ئاواییەکان دەڵێن :\"لەنەخۆشخانەی شاری سەردەشت، دەفتەرچەی بیمەمان لێ قبووڵ ناکەن و ناچارین کە بە پارەیەکی زۆر دەوا و دەرمان بکرین\".