لەسەر مافی \"خەڵکە خۆجێیەکان\"، کۆنفڕانسیک لە ژنێڤ بەڕێوەچوو

14:54 - 21 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لەسەر داوای دەستەی سەرۆکایەتیی میکانیزمی شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنفرانسێکی تایبەت بە مافی \"خەڵکانی خۆجێیی\" لە شاری ژنێڤی پێتەختی وڵاتی سویس بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممەی حەفتەی رابردوو کۆنفرانسێک لەسەر مافی خەڵکە خۆجێییەکان و بە بەشداریی نوێنەرانی ٤٧ وڵاتی ئەندامی شۆرای مافی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشداریی ناوەندی زاگرۆس، کە تایبەت بە مافی مرۆڤە، دەستی پێکرد و بۆ ماوەی ٥ رۆژ لە شاری ژنێڤ لە حاڵی بەرێوەچووندا بوو.

\"20989.jpg\"
لەماوەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەدا، ژمارەیەک بابەتی لێکۆڵینەوەیی و پێشنیارنامە لەسەر مافی خەڵکە خۆجێییەکان پێشکەش کران و هاوکات نوێنەرانی کەمینەکان داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، سەبارەت بە پێشێلکرانی مافی خەڵکە خۆجێییەکان، لێبڕاوانەتر هەڵوێست بگرێت، کە جۆرێک ئۆتۆنۆمییان بۆ لەبەر چاو بگرن.

میکانیزمی شارەزایان بۆ مافی خەڵکە خۆجێییەکان ساڵی ٢٠٠٧ بە بڕیاری شۆرای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر بارودۆخی خەڵکە خۆجێیەکان و پاراستنی مافی ئەو خەڵکانە دامەزراوە.

بڕیارە پێشنووسی پرۆژەیەک، کە بەو پێیە دەنگی خەڵکە خۆجێێەکان زیاتر ببیسترێت، بە مەبەستی جێبەجی کران پێشکەشی سکرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکرێت.

لێکۆڵینەوە لەسەر مافی کولتووری، پێکهێنانی کۆنفرانسی نێۆنەتەوەیی لە سەر خەڵکە خۆجێیەکان، بازرگانی و مافی مرۆڤ، جێبەجێ کردنی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بەشێک لەو پێشنووسانەن کە پێشکەشی سکرتێری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرێت.
\"20988.jpg\"