لەسەرپێڵ‌زەهاو ژنێک بەدەستی براکەی سەر بڕدرا

15:41 - 3 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ نوێبوونەوەی ساڵی تازە، لە شارستانی سەرپێڵ زەهاو لە ئوستانی کرماشان، ژنێک لەژێر ناوی \"پاراستنی شەڕەف\" لەلایەن براکەیەوە سەر بڕدراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، رۆژی هەینی رێکەوتی ١ی خاکەلێوەی ٩٣‌ی هەتاوی، کەسێک بەناوی \" مەسعوود سەیدی\" خەڵکی سەرپێڵ، سەری خوشکەکەی خۆی لە پشتەوە بڕیوە و لە لەشی جیا کردۆتەوە.

سەرچاوەکە گوتیشی؛ ئەو ژنە، کە (بێوە ژن) بووە، لەماڵی باوکی ماوەتەوە و دەگوترێت \"مەسعوود سەیدی \" کە برای ئەو ژنە بووە، بە چەقۆی قەسابی خوشکەکەی خۆی سەر بڕیوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە، بکوژەکە هەڵاتووە و دەستبەسەر نەکراوەو ئاژانسی کوردپا تەنیا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاماژەی بە ناوی براکەی کردووە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەماوەی سێ‌مانگی کۆتایی ساڵی ٩٢دا ( وەرزی زستان) ٨ ژن لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران بە دەستی کەسوکاری نزیک و کەسانی دیکەوە کوژراون.

دوایین حاڵەتی ئەو دیاردەیە رێکەوتی ٢٧‌ی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ رووی دا، کە تێیدا ژنێک بەناوی چیمەن پیری تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی ناوچەی سەقز، بەدەستی مێردە پێشووەکەی خۆی کوژرابوو.