لەسەدا ٦٠ی کارگەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا مووچەی کرێکارەکانیان نەداوە

15:13 - 11 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لەبەرەبەری رۆژی جیهانیی کرێکاردا، دۆخی کرێکاران لە ناوچە کوردنشینەکان لەو پەڕی خراپیی خۆی‌دایە و هیچکام لە بەرپرسان لەمەڕ دۆخی کارەساتباری کرێکاران وڵامدەر نین.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیاتر لە سەدا ٦٠ی کارگەکانی پیشەیی و سەنعەتییەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، وێڕای ئەوەیکە بەرەوڕووی داخران بوونەتەوە، لە ماوەی ٩ مانگی رابردوودا لە دانی مووچەی کرێکاران خۆیان بواردووە.

\"19727.jpg\"
ئیسلام سادقی دۆخی کرێکارانی کارەساتبار وەسف کردووە
بەرپرسی بەشی ئیجرایی ژووری کرێکاری ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بارودۆخی کۆمەڵگەی کرێکاریی لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بێسەروبەرە وەسف کردووە و رایگەیاندووە: هەنووکە کۆمەڵێک کارگە و کارخانە لەم ئوستانەدا بەرەوڕووی داخران بوونەتەوە و هیچکامیان مووچەی کرێکارەکانیان نەداوە.

ئیسلام سادقی لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (ئوروم نیوز)، ئاماری هێندیک لە رێکخراوەکانی بە دروشم و ناڕاست لە قەڵەم داوە و گوتوویەتی بارودۆخی کرێکاران لە ئوستانی ئازەربایجان جێگەی لەوپەڕی خراپیی خۆیدایە و پشتیوانی نەکردنی لێپرسراوانی پێشوو هۆکاری هاتنە ئارای ئەم دۆخەیە.

ئەو بەرپرسە باسی لەوەش کردووە، بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەبەر دەستدا هەن، کرێکارانی ئەو کارگە داخراوانە، هەر کامەیان بڕی ٢٠ ملیۆن زیاتریان لەلای خاوەن کارگەکان هەیە، بەڵام بەداخەوە هیچکەس لەم دۆخەدا وڵامدەر نییە.

\"19728.jpg\"
عەزیز باباخانی کە لەو پەڕی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبات، ماوەی ٣٦ مانگە مووچەی پێنەدراوە
لەلایەکی دیکەوە وبە پێی هەواڵی ماڵپەڕە ناوخۆییەکان، کرێکارێکی کوردی خەڵکی کامیاران، کە نیگابانی مەکۆی وەرزشیی شەهرەکی بێعسەتی کامیارانە، زیاتر لە سێ ساڵە مووچەی پێنەدراوە.

عەزیزی باغەبانی ئەو کرێکارە کوردەیە، کەلە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوییەوە هیچ مووچەیەکی پێنەدراوە و بەرپرسانی شاری کامیاران تەنیا مووچەی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵیان پێ‌داوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، کە خێزاندار و باوکی سێ منداڵیشە گوتووشیەتی، خۆزگە بەرپرسانی حکوومەتی لەبری ئەوەی رێز لە کرێکاران بگرن لەبیری چارەسەر کردنی گیروگرفتی کرێکاراندا بوایەن.