لەسێدارە درانی هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لە زیندانی ورمێ

14:12 - 14 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی ناوچەی سەڵماس، لە درێژەی رەو تی بەردەوامی لەسێدارەدران لە زیندانەکانی ئێراندا، بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە درا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی لەسێدارەدانی حوسێن وەتەن‌زاد و کوڕی ساڵح، کە خەڵکی گوندی \"ئاوگەرم\"ی سەربە شاری سەڵماس بوو، لە زیندانی ورمێ بەڕێوەچوو.

دەگوترێ ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی \"بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان\" حوکمی لەسێدارە درانی بۆ برابوویەوە، کە سەرئەنجام رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو لە زیندانی ورمێ حوکمی لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ کرا.

رۆژی پێنج ‌شەممەی حەفتەی رابردووش هاووڵاتییەکی دیکەی کوردی خەڵکی شاری ورمێ، بەناوی عەلائەدین عەزیزی بە تۆمەتی \"بازرگانی بە ماددە هۆشبەرەکان\" لە زیندانی شاری قەزوێن لەسێدارە درا.

هەروەها رۆژی دووشەممەی حەفتەی رابردووش ٧ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شارەکانی ورمێ، سنە و شیراز لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە درابوون.