لەسێدارە درانی هاووڵاتییەکی بۆکانی لەزیندانی ناوەندیی ورمێ

21:12 - 16 سەرماوەز 2713
ئاژاسنی کوردپا: حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان پاش ٦ ساڵ راگیران لەزیندانی ناوندیی شاری ورمێ، بەبڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ \"یونس باپیری\" تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی شاری بۆکان کە ٦ ساڵ پێش ئێستا دەستبەسەر کرابوو، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ١٦ی سەرماوەز لە زیندانی ورمێ لەسێدارە درا.

یوونس باپیری کە لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا و بە تاوانی کوشتنی ئەنقەست دەستبەسەر و دواتر حوکمی سێدارەی بۆ بڕابوویەوە، رۆژی رابردوو بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی رەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرابوو.

هەروەها \"ئیسلام رەزایی\" و \" حەیدەر شیری\" خەڵکی شاری ورمێ کە لەگەڵ یوونس باپیری و بە مەبەستی لەسێدارەدان، بۆ ژووری تاکەکەسی زیندانی ورمێ راگوێزرابوون، هیچ هەواڵێک لە چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی سەرماوەزەوە هەتا ئێستا (١٦ رۆژی رابردوو) سەرجەم ٤٠ هاووڵاتی لە زیندانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون.