لەسێدارەدانی زیندانییەکی خەڵکی شاری هەرسین لە زیندانی ناوەندیی ساری

17:32 - 23 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی سێشەممە ۲۱ی پووشپەڕ، حوکمی لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی "ڕسووڵ مورادقولی" کوڕی ڕەحمەت خەڵکی شاری هەرسین سەر به پارێزگای کرماشان، لە زیندانی ناوەندیی ساری جێبەجێ کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو زیندانییە سێ ساڵ پێش به تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر دەسبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای داد بە ئێعدام مەحکووم کرابوو".

ڕەسووڵ مورادقولی خەڵکی گوندی "سەرماجـ"ـی شاری هەرسینە و تەرمەکەی لەو گوندە ئەسپەردەی خاک کراوە.

هەتا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو زیندانییە لەلایەن میدیا نێوخۆییەکانی ئێران و سەرچاوە فەرمییەکان ڕانەگەیەندراوە.