لە‌سلێمانی و هەولێر‌ خۆپیشاندان و سمینار‌ بۆ مەحکووم کردنی بڕیاری دادگای مەریوان‌بەڕێوە دەچێت

20:45 - 4 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: کەمپەینی پشتیوانی لە ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی بەمەبەستی مەحکووم کردنی بڕیاری دادگای شاری مەریوان سەبارەت بە سووکایەتی کردن بەکەسایەتیی ژن، لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەبات.

دوابەدوای ئەوەی هێزە ئینتزامییەکان بەبڕیاری دادگای شاری مەریوان کەسێکی تاوانباری بە جلوبەرگی ژنانەوە بە نێوشەقام و شوێنە گشتییەکانی ئەو شاردا سووڕاندەوە، رێژەیەکی بەرچاو لە ژنان و چالاکانی ژن لە مەریوان لەدژی ئەو بڕیارە پیاوسالارانەیەی دادگا ‌و هێزە ئینتزامییەکان رژانە سەر شەقامەكان‌ و ئەو سوكایەتی كردنەیان بە ژنان مەحکووم کرد.

كەمپینی پشتیوانی لە ژنانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە شاری سلێمانی کاتژمێر 3ی پاش نیوەرۆی رۆژی پێنجشەممە پاركی ئازادیتی شاری سلێمانی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لە ژنانی راپەڕیوی مەریوان بەڕێوە دەبات.

هەر لەو پەیوەندییەدا ئەنجومەنی ئەدەبیی زێد، سمینارێکی تایبەتی بۆ تاووتوێ کردنی ئەو بڕیارەی دادگای شاری مەریوان و لێکدانەوەی بارودۆخی ئێستای ژنانی رۆژهەلاتی کوردستان، لە شاری هەولێر بەڕێوە دەبات.
رێکخەرانی ئەو سمینارە داوایان لە سەرجەم چالاکنی ژنان و رێکخراوەکانی ژنانی رۆژهەڵات کردووە کردووە کە بۆ زیاتر تیشک خستنەسەر ئەو پرسە، بەشداری لەو سمینارەدا بکەن.

ئەو سمینارە کاتژمێر ٤ هەتا ٦ی سەرلە ئێوارێی رۆژی پێنج‌شەممە لە هۆڵی ئافرەتانی کوردستان لە شاری هەولیر بەڕێوە دەچێت.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوە هاووڵاتییەک بەناوی \"توفیق خۆشنەواز\" ناسراو بە \"داباشی\" لەلایەن هێزە ئینتزامییەكان و بە بڕیاری دادگای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری مەریوان بەجلوبەرگی ژنانەی کوردییەوە لە شەقامەکانی ئەو شارە پیشانی خەڵک درابوو.