لەزیندانی رەجایی شارەوە پشتیوانی لە زیندانیانی مانگرتووی ئەهواز کرا

19:48 - 10 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: زیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، پشتیوانیان لە داخوازیی زیندانیانی مانگرتووی زیندانی کاروونی ئەهواز کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانیانی سیاسیی رەجایی شاری کەرەج کە ژمارەیان ٢٢ کەسە، لە نامەیەکدا خوازیاری پشتیوانی کردن لە زیندانیانی مانگرتووی ئەهواز بوون.

محەمەد نەزەری، لەتیف حەسەنی، حیشمەتوڵڵا تەبەرزەدی، کەریم مارف عەزیز و سەعید عابدینی ژامرەیەک لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شاری کەرەجن، کە ئەو نامەیان واژۆ کردووە.

لە کۆتایی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵەوە ٥٩ زیندانیی سیاسی و عەقیدەتیی ئەهواز ناچاربوون بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری زیندانی کاروون، کە گیانی بەشێکیان لە مەترسیدایە،، مانیان لە خواردن گرتووە.

واژۆکارانی ئەو نامەیە، چاوەڕوانیییان لە هاووڵاتییان و ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافی ئینسان هەیە کە پشتیوانی لە مانگرتنی زیندانیانی ئەهواز بکەن، کە بە گوتەی زیندانیانی رەجایی شاری کەرەج\" رژیمی ئیسلامی لە هەوڵی ئەوەدایە، قەیرانە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان بەرەوڕووی خەڵک بکاتەوەو گوشاری زیاتر بخاتە سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی\".

زیندانیانی مانگرتوو لە زیندانی کاروون ئەهواز خوازیاری باشتربوونی دۆخی زیندان، هەڵسووکەوتی شیاوی کارمەند و مەئموورانی زیندانی لەگەڵ زیندانیان و بنەماڵەکانیان بوون و هەروەها داوای ئەوەشیان کردووە، کە ئیمکاناتی خوێندن و خوێندنەوەیان لە نێو زیندانندا بۆ بڕەخسێت.

زیندانی کاروونی ئەهواز، ٤٥٠٠ زیندانیی تێدا راگیراوەو بە یەکێک لە ناستانداردترین زیندابەکانی ئێران ئەژمار دەکرێ، کە سەرەتایی ترین ئیمکاناتی بێهداشتی و دەرمانیی تێدا نییە.

فەرید ئازموودە، رەزا ئەکبەری مونفەرد، ئەفشین بایمانی، شەهرام پوورمەنسووری، فەرهەنگ پوور مەنسووری، ئیرەج عاتەمی، خالید عەردانی، لەتیف عوسێنی، ئەفشین حەیرەتیان، شاهرۆخ زەمانی، هەمزە سواری، حیشمەتوڵڵا تەبەرزەدی، عەلیرەزا فەراهانی، ئەبولقاسم فوولادوەند، عەلیرەزا فەراهانی، ئەبولقاسم فوولادوەند، سالح کۆهەندڵ، سەعید ماسووری، کەریم مارف عەزیز، عەلی موعیزی، پیرۆز مەنسووری، ئەسەدوڵڵا هادی، محەمەد نەزەری و سەعید عابدینی ناوی ئەو زیندناییە سیاسییانەی زیندانی رەجاییش اری کەرەج بوون کە پشتیوانییان لە زیندانیانی مانگرتووی زیندانی کاروونی ئەهواز دەربڕیوە.