لەبەره‌بەری نەورۆزدا هەڕەشە لە هونەرمەندان و چالاکانی فەرهەنگیی کورد دەستی پێکردەوە

14:23 - 11 رەشەمه 2713
ئاژانسی کودپا: چالاکێکی فەرهەنگیی کوردی خەڵکی گوندی دزڵی لەلایەن ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لەمەڕ بەریوەبردنی ریوڕەسمی نەورۆز، هەڕەشەی زیندانی کرانی لێ دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ سەیوان ئیبراهیمی خەلکی گوندی \"دزڵی\" سەربە شاری سەوڵاوا ، لە کاتێکدا بڕیاربوو رێوڕەسمێک لە بەرەبەری نەورۆزدا لە گوندەکەیان بەڕێوە ببات، هێزەکانی سەربە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڕەشەی دەستبەسەری و زیندانی کردنیان لێ کردووە.

\"18552.jpg\"
سەیوان ئیبراهیمی خەلکی گوندی \"دزڵی\" سەربە شاری سەوڵاوا، له‌لایان هێزەکانی سەربە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هەڕەشەی دەستبەسەری و زیندانی کردنیان لێ کردووە
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لە ماوەی رابردوودا ئەو ژەنیارە کوردە، ٢ جار بانگهێشتی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران کراوە و بەرەوڕووی لێپرسینەوە و هەڕەشەی ئەو هێزانە بۆتەوە.

سەرچاوەکە گوتیشی، هێزەکانی سەربە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەو ژەنیارە کوردەیان راگەیاندووە، ئەگەر هەر بەرنامەیەک بۆ بەڕیوەبردنی رێوڕەسمی نەورۆز دابرێژێت، ئامێری مۆسیقاییەکەی و کەلوپەلەکانی دەستی بەسەردا دەگیرێت و بۆ خۆیشی رەوانەی زیندان دەکرێت.

سەیوان ئیبراهیمی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩١ لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەوڵاوا\"وە بە تۆمەتی دڕاندنی پوستێری کاروانی راهیانی نوور و هەروەها لایەنگری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان دەستبەسەر کرابوو.

لەماوەی دوو سالی رابردووشدا ناوەندە ئەمنییەکان و ئیدارەی ئەماکنی شارەکانی کوردستان، بە گۆرانیبێژ و گرووپە مۆسقیایی و هونەرییەکانی راگەیاندبوو؛ لە ئەگەری بەشداریکردن لە بۆنە و رێوڕەسمەکانی نەورۆز لە شار و گوندەکان، بەرەوڕووی زیندانی کران دەبنەوە.

هاووڵاتیانی کورد لەو باوەڕەدان، کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هه‌موو هێز و توانای خۆی خستۆته‌گه‌ڕ هەتا نه‌ورۆز و خه‌ڵک لێک داببڕی و نەهێڵێت ئاگری نه‌ورۆزی ١٣٩٣ی هه‌تاوی له‌لایه‌ن خەڵکی شار و گوندەکانەوە بکرێتەوە و دەیهەوێ ئەو جەژنە نەتەوەیە لە بیری خەڵک بباتەوە.