لەبۆکان سێ ژن تێزابیان پێداکرا + شوناس

13:59 - 24 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: جارێکی دیکەی رووداوەکانی پێداکردنی تێزاب لەئیسفەهان، لەشاری بۆکان لەپارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا دووپات کرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی رابردوو ژنێک و دوو کچ لەشەقامەکانی شاری بۆکان و بەشێوەی جیاجیا لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە تێزابیان پێداکراوە.

شەوی رابردوو کاتژمێر ١١ی شەو ژن و کچێک لە سێ ڕێیانی سەنگینی کە سەرقاڵی تێپەڕین بەو شوێنەدا بوون لەلایەن کەسانێکەوە تیزابیان پێدا کراوە.

سوێسنە ئیسماعیل نژاد تەمەن ٢٤ ساڵ و خوێندکاریی ئەندازیاری عومران ناوی یەکێک لەو کەسانە بووە کە تێزاب بە پشت و شانیدا کراوە.

\"28184.jpg\"
سوێسنە یەکێک لە قوربانیانی پژاندنی ئەسید لەبۆکان
سوێسنە بەڕێوەبەریی کتێبخانەی \"مانگ\" لەشاری بۆکانیشە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەیی کوردپای وت: سوێسنە لەلایەن چەند کەسێکەوە کە ماشێنێکی جۆری پرایدیان پێ بووە تێزابی پێدا کراوە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو کە یەکێکی دیکە لەو کەسانەی تێزابی پێداکراوە هاوسەری شۆڕش فەیزی نژاد کوڕی هونەرمەند رەشید فەیزی نژاد بووە.

هەر لەو پێوەندییەدا و هەمان شەو کچێکی تەمەن ٢٤ ساڵی دیکە بەر هێرشی تێزاب پژاندن کەوتووە و ئەویش رەوانەی نەخۆشخانەی \"قولی پوور\" کراوە.

لەو بارەیەوە عەلی ئیسماعیل نژاد چالاکی سیاسی نیشتەجێی دەرەوەی ئێران و برای سوێسنە بە هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند، پژاندنی ئەسید بە تەواوەتی مەبەستی ئەمنیەتی لەپشت بووە و ئەو کەسانەی کە ئەو کارەشیان کردووە سەر بە ناوەندەکانی \" ئەمری بە مەعرووف\"ن.

عەلی ئیسماعیل نژاد باسی لەوەش کرد \"پێشتریش بنەماڵەکەم بە هۆی چالاکە سیاسییەکانی منەوە خراونەتە ژێر فشار و هەڕەشەیان لێکراوە\".

\"28183.jpg\"
عەلی ئیسماعیل نژاد، چالاکی سیاسی
ئیسماعیل نژاد وێڕای جەخت کردنەوە لەوەی کە ئەو کارە لەلایەن کەسانی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە ئەنجام دراوە وتیشی: پژاندنی تێزاب لەبەر چاوی خەڵکی و لە قەرەباڵغیدا رووی داوە و هەر بۆیە تەنیا کەسانی سەر بە ناوەندە ئەمنیەتییەکان دەتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن.

ئەو سێ حاڵەتی تێزاب پژاندنە لەحاڵێکدایە کە لەساڵی رابردووشدا چەندین حاڵەتی لەم چەشنە لەشارەکای ئیسفەهان و تاران رووی دا و قوربانیان باسیان لەوە کردبوو کە بەسیجییەکان ئەنجامدەری تێزاب پژاندنەکە بوون.

سەرەڕای ئەوەی کە بکەرانی ئەو کارە دواتر بە تەواوەتی شوناسیان روون بوویەوە بەڵام لەلایەن ناوەندە قەزایی ـ ئینتزامییەکانەوە هیچ هەوڵێک بۆ دەستبەسەرکردنیان نەدرا.

هەر ئەو کات ژمارەیەک لەچالاکانی مافی ژنان لەبەیاننامەیەکدا بڵاویان کردەوە کە بێدەنگی ناوەندە پێوەندیدارەکان بە تایبەت مەجلیسی شۆرای ئیسلامی لەهەمبەر ئەو کردەوانەدا نیشانەی پەرە پێدان بە توندوتیژییە.

لە بەیاننامەکەدا رەخنە لەگەڵاڵەی \"آمران به معروف و ناهیان از منکر\" گیرابوو و باس لەوەش کرابوو کە هەر ئەو گەڵاڵەیە سەرکوت و توقاندن بە دوای خۆیدا دێنێت.