لێپرسینەوە لە بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کوردستان توندتر بووتەوە

15:26 - 31 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: شەپۆلێکی نوێ لە گوشار و هەڕەشە بۆسەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان دەستی پێکردووە لەو پەیوەندییەدا بنەماڵەکانی ئەو چالاکانە لە پێشەوەی ئەو شەپۆلە لە لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوەدان.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا باوک و دایکی چالاکێکی سیاسیان بانگهێشتی ئەو ئیدارەیە کردووە و پێیان راگەیاندوون کە بە زووترین کات کوڕەکەیان کەلە دەرەوەی وڵات نیشتەجێیە بۆ ئێرانی بگەڕێنەوە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییە کورد کامیل‌عەبدووڵاپوور کوڕی عەلی یە کە بە هۆی چالاکیی سیاسی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ١٧ساڵ زیندانی بۆ ناوبراو بڕاوەتەوە.

ئێستاکامیل عەبدووڵاپوور وەکوو پەنابەر لەیەکێک لە وڵاتانی بیانی نیشتەجێیە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار لە زاری نزیکانی ئەو چالاکە سیاسیەوە رایاگەیاندووە، لە سەرەتای ئەم مانگە کامیل بە زۆرەملی زێدی خۆی جێهێشتووە.

\"28700.jpg\"
کامیل عەبدووڵاپوور بە ١٧ساڵ زیندان حوکم دراوە
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو هەموو حەفتەیەک باوک و دایکی کامیل دەبێ سەردانی ستادی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار بکەن بەرگەی مانەوەی خۆیان لەو شارە واژۆ بکەن.

هەروەها دوکانی پرێنتر و ئەسکانێری بنەماڵە عەبدووڵاپوور لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعەتەوە پلۆمپ کراوە و یەکێک لە کرێکارەکانی ئەو دوکانە بە ناوی ئاوات حوسێنی دەستبەسەر و کرێکارەکی دیکەش بە ناوی عوسمان ئەمینی هەڵاتووە.

پێشتریش وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری بیجار بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی خستبووە ژێرگوشار و لێکۆلێنەوەی لەگەڵ کردبوون.

رەزا شامورادی کە وەکوو پەنابەر لە وڵاتی ئووسترالیا نیشتەجێیە، بۆ چەندمین جار باوکیان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی بیجار کردووە.

لە سەرەتای ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بە راودوونانی بنەماڵە و نزیکانی چالاکانی سیاسی لە ئێران کردبوو.

هەوڵەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کە لەو راپۆرتەدا بریتین لە ترساندن، هەرەشە، دەستبەسەر کردن بۆ ماوەی کورت ، تەنگ پێ‌هەڵچنینی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی و مەدەنی.