لێپرسراوانی زانستگای لوڕستان پێشیان بە كۆڕیادی محەممەد ئوزۆن گرت

16:03 - 11 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: لە زانستگای لوڕستان كە بڕیار بوو كۆڕێك بۆ بیرئانینی محەممەد ئوزۆن نووسەری گەورەی كورد بەڕێوە بچێت، لەلایەن حیراسەتی ئەو زانستگایەوە پێشی پێگیراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی كوردپا، چەند رۆژ لەمەوپێش بڕیار بووە خوێندكارانی كوردی زانستگای لوڕستان بە یارمەتیی \"ناوەندیی فەرهەنگی، ئەدەبیی \"كورمانج\"ی ورمێ‌\" كۆڕێك بۆ بیرئانینی محەممەد ئوزۆن بەڕێوە بەرن كە لەلایەن ئیدارەی كاروباری ئینزباتی و حیراسەتی زانستگاوە پێشی پێگیراوە و ئیزنی بەڕێوە چوونی نەدراوە.

ئەمە لە حاڵێك دایە كە ئیدارەی كاروباری فەرهەنگیی زانستگای لوڕستان پێشتر مۆڵەتی بەڕێوە چوونی ئەو كۆڕەی بە خوێندكاران دابوو.

ئەو خوێندكارانە چەند رۆژ لەمەوبەر دەستیان دابووە بڵاوكردنەوەی وێنە و پۆستێری تەبلیغاتیی ئەو كۆڕە بیرئانینە و بڕیار بووبە بە بەشداریی 300 كەس لە خوێندكارانی سەرجەم خوێندكارانی كوردی زانستگاكانی لوڕستان رۆژی دووشەممەی پێشوو بەڕێوە بچێت كە لەلایەن حیراسەتی زانستگاوە پێشی پێگیراوە.

لەم بارەوە خوێندكارانی كوردی ئەو زانستگایە خەسار و زەرەری ماڵییان پێگەیشتووە.