لێدوانە پێكناكۆكەكان و بە ناتەواوی مانەوەی بەنداوی چراوەیس پاش ١٢ ساڵ

14:45 - 24 سەرماوەز 2715
ئاژانسی كوردپا: سەرەڕای وادە و بەڵێنییە بەردەوامەكانی بەرپرسانی پارێزگای سنە و تەرخان كردنی دەیان میلیارد تمەن بودجە، هێشتا بەنداوی چراوەیسی سەقز بە ناتەواویی ماوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، پاش خستنەڕوو و پەسندكردنی پڕۆژەی بەنداوی سەقز لە ١٧ كیلۆمیتریی باشووری ڕۆژئاوای شاری سەقز لە ساڵی ١٣٨٢ی هەتاوی‏دا و سەرف كردنی دەیان میلیارد تمەن پارە، هێشتا ئەم بەنداوە بە ناتەواوی ماوەتەوە.

لەم‏بارەوە سابیر زارعی جێگری فەننیی فەرمانداری سەقز بە هەواڵدەریی ئیرنای ڕاگەیاندوە: \"بۆ تەواو كردنی پڕۆژەی ئاماژەبۆكراو، پێویستیمان بە ٧٥٠میلیارد تمەنی دیكە هەیە. ئەمەش لەحاڵێكدایە كە پێشتر ناوبراو گوتبووی ئەم بەنداوە ٧٥% پێشكەوتنی بەخۆوە بینیوە كە تێچووەكەی ٨٠٠ میلیارد ڕیاڵ بووە. واتە بۆ ٢٥% ی پاشماوەی پڕۆژەكە، ٧٥٠ میلیارد تمەنی دیكە پێویستە.

ڕێكەوتی ٩ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٨٧یش وەزیری وزەی ئەو كات، سەبارەت بە پڕۆژەی چراوەیس گووتبوی: \"تا ئێستا ٧٥%ی كاروباری ئەم پڕۆژە كۆتایی پێهاتووە\".

هەروەها ڕێكەوتی ١٩ی ڕەشەمەی ١٣٩٢ی هەتاوی، بەڕێوەبەری ئیدارەی ئاوی پارێزگای سنە گوتبووی؛ \"تا ئێستا بەنداوی چراوەیس ٩٠% پێشكەوتنی بەخۆوە بینیوە و تەنیا بە ١٠ میلیاردی دیكە، كۆتایی بە پڕۆژەكە دێت\".

بەنداوی چراوەیس یەكێكە لە بەنداوەكانی پڕۆژەی كۆنتڕۆڵكردنی ئاوەكانی پارێزگای سنە كە چەندین بەنداوی وەك بەنداوی سۆڕاڵی دێولان، بەردەڕەشی قوروە، گاوشانی كامیاران، گاڕانی مەریوان و.... لە خۆدەگرێ‌ و ٨٨ میلیۆن میتری چوارگۆشە ئاو، لە خۆیدا کۆ دەكاتەوە.