لێدان و كوتانی هاووڵاتیانی كورد لەلایەن سەلەفییەكانی جوانڕۆوە درێژەی هەیە

14:45 - 13 سەرماوەز 2713
ئاژانسی كوردپا: كەسانی سەر بە گرووپە سەلەفییەكان لە جوانڕۆ بۆ چەندمین جار لە ئەمساڵدا لەشوێنە گشتییەكان هاووڵاتیانی كوردیان داوەتە بەر لێدان و كوتان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی سێ‌شەممە رێكەوتی ١٢ی سەرماوەز یەكێک لە قاوەخانەكانی شاری جوانڕۆ شایەتی هێرشی گرووپەكانی سەلەفی بوو و لەئەنجامدا ژمارەیەك لەهاووڵاتیان بریندار كران و رەوانەی خۆشخانە كران.

ئەو رووداوە كاتژمێر ٨ی شەوی رابردوو لە گەڕەكی باباجانی رووی داوە.

هەواڵنێری كوردپا لەزاری شایەتحاڵانەوە رایگەیاند، شەوی رابردوو چەند كەس لە سەلەفییەكان لە ناكاو هێرشیان كردۆتە سەر قاوەخانەكە و سەرجەم كەلوپەلەكانیان شكاندووە و ٦ كەسیشیان بریندار كردووە.

لەو هێرشەدا ناسر نەقدی، پەیمان مەحموودی، ناسر محەممەدی، جەبار محەممەدی، بەختیار محەممەدی، و سامان خوداكەرەمی بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە كراون و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە سێ‌كەسیان لەژێر چاوەدێری پزیشكیدان.

بەردەوامیی هێرشی سەلەفییەكان بۆ سەر شوێنە گشتییەكان و تێكهەڵچوونیان لەگەڵ خەڵكی كورد لە حاڵێكدایە كە كۆتاییەكانی مانگی رەزبەری ئەمساڵیش ژمارەیەكی بەرچاو لە سەلەفییەكان بە ماتۆر و ماشێن و قەمە و شمشێر بەدەست جەولەیان لەناو شاری جوانڕۆدا بەڕێوە بردبوو.

پێشتر هاووڵاتییەكی جوانڕۆی بە ئاژانسی كوردپای راگەیاندبوو، ئامانجی سەلەفییەكان لە ئەنجامدانی ئەو كردەوانە سەپاندنی بیروباوەڕی خۆیان و دروست كردنی ترس و خۆف لەناو هاووڵاتییان دایە.

لەلایەكی دیكەوە رێكەوتی ٢٦ی خەزەڵوەر كەسانێكی سەر بە سەلەفییەكان بە دانی دروشمی \" اللە اكبر\" چووبوونە قاوەخانەی ترمیناڵی پاوە ـ كرماشان و سەرجەم كەلوپەلەكانی ناو چاوەخانەكانیان شكاندبوو.

لەبارەی دۆخ و هەوڵەكانی گرووپە رادیكاڵەكانی ناسراو بە سەلەفییەكان لەشارەكانی كوردستان، ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپالەگەڵ دوو چالاكی سیاسیی كورد وتووێژێكی پێك هێنا و تێیدا باس لە پشتیوانی حكوومەتی ئێران لە سەلەفییەكان و كەمتەر خەمی ناوەندە ئینتزامییەكانی ئێران لە هەمبەر چالاكیی سەلەفییەكاندا جەخت كرابوو.