لێدانی کرێکارێکی کورد و ژنەکەی لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە لە شاری شنۆ

14:11 - 24 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری شنۆ، کە بە هۆی نەخۆشی \"چڵک هاوردووی بەیزە\" لە نەخۆشخانەی ئەو شارە بۆ چارەسەریی پزیشکی خەوێندرابوو، لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتییەوە لەگەڵ ژنەکەی تووشی تێهەڵدان دەبن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز، کرێکارێکی کوردی خەڵکی گوندی \"ڕەش گوندی\" شاری شنۆ، بە هۆی پێڕانەگەیشتنی کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی خومەینی ئەو شارە و ناڕەزایەتی دەربڕینی نابراو، هێزە ئینتزامییەکان هێرش دەکەنە سەر ئەو کرێکارە و خێزانی.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو کرێکارە کوردە، شوناسی ناوبراوی بە \"سەنار ئازەرەخش\" ڕاگەیاند. کە ماوەی یەک حەوتووی لەو نەخۆشخانەی خەوێندراوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند: ئەو کرێکارە کوردە، کە تووشی نەخۆشینی \"چڵک هاوردووی بەیزە\" هاتووە، بۆ چارەسەریی پزیشکی لە نەخۆشخانەی خومەینی حەوتوویەکە خەوێندراوە، کە لەگەڵ پێڕانەگەیشتنی کادرە دەرمانییەکانی ئەو نەخۆشخانەیە بەرەوڕوو بووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، پاش پێڕانەگەیشتن و ناڕەزایەتی دەربڕینی سەنار ئازەرەخش، پێرسنۆلی نەخۆشخانە سکاڵایەک لە سەر ئەو نەخۆشە تۆمار دەکەن و هێزە ئینتزامییەکان نابراو دەبەنە کیووسکی ١١٠ لەوێدا زۆری لێ دەدەن.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئینتزامییەکان چەندین شەق ومستەکۆڵە لە خێزانیش دەدەن.