لێدانی دەستگێڕەکان گەیشتە شاری ورمێ

14:56 - 30 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مەئموورانی شارەداریی شاری ورمێ، دەستگێڕێکی ئەو شارەی دایە بەر لێدان و بێ‌حورمەتی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، وێنەی لێدانی مەئموورێکی \"سد معبر\" لە دەستگێڕێکی شاری ورمێ لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارەدا بڵاو کراوەتەوە.

مەئمووری شارەداری بە زللە، هاووڵاتییەکی دەستگێڕی شاری ورمێی لە پێش چاوی خەڵکەوە داوەتە بەر لێدان و بێ‌ڕێزی پێ کردووە.

لەو گرتە ویدیۆیەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە، پێرسۆنێلی هێزە ئینتزامییەکان لە تەنیشت مەئمووری شارەداریەوە دەبیندرێن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، کەرستە و وەسائیلی ئەو دەستگێڕە لە لایەن مەئموورانی شارەدایەوە دەستی بەسەر داگیراوە.

هەروەها هێندێک لە میدیاکان باسیان لەوە کردووە کە شارەداریی شاری ورمێ، سەبارەت بە بێ‌ڕیزی کردن بەو هاووڵاتییە داوای \"لێبوردنی\" لە ناوبراو کردووە.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، لە ڕووداوێکی هاوشێوەی دیکەدا، ژنێکی دەستگێڕ لە شاری فومەن لە لایەن مەئموورێکی شارەداریەوە لێی درا، کە شەپۆلێک لە ڕەخنە و ناڕەزایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێ کەوتەوە.

\"هەڵسووکەتی قەبیح و نەشیاو\"ـی مەئموورانی شارەداری شاری ورمێ لەگەڵ دەستگێڕەکان لە کاتێکدایە کە بەپێی هەواڵی گەیشتوو، هەڵسووکەتی لەو شێوەیە لە شوێنی هاتوچۆ و گۆڕەپانەکانی ئەو شارە بە بیانووی\" سەرباربوونی دەستگێڕەکان\" ڕووی لە زیاد بوون کردووە.

بارودۆخی ناڵەباری ئابووری و نەبوونی هەڵی کار گرینگترین هۆکار بۆ دەستگێڕەکانی کوردستان بە گشتی و شاری ورمێ بە تایبەتی بە ئەژمار دێت.