لێدانی خەڵک لە ھێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە شاری سەقزدا

14:24 - 9 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ئەمڕۆ هەینی لە بەر درگای پاساژی مرادوەیسی سێ کەس کە کێشەی دەروونیان بووە ، شەڕ بە کرێکارێکی بەر درگای ئەو پاساژە بە ناوی ڕزگار دەفرۆشن و بە مست لووتی دەشکێنن و سەر و چاوی کرێکارەکە خەڵتانی خوێن دەکەن.

بەپێی ھەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی ھەواڵدەریی کورپا، خەڵکی ڕێبوار و دووکاندارەکان کە ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەبینن، بە هانای کرێکارەکەوە دەچن و لە ژێر چنگی ئەو سێ کەسەی دەردێنن، کە ماشینێکی پژۆیان پێ بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، خەڵک تەلەفۆن بۆ هێزی بەناو ئینتیزامی دەکەن و بە هاتنی هێزی بەناو ئینتزامی خەڵک ڕووداوەکە دەگێڕنەوە و داوا دەکەن کە حەقی کرێکارەکە بستێنن.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: بەڵام مەئمورەکە بە وەرگرتنی بەرتیل دوو کەس لە تاوانبارەکان لە شوێنی ڕووداوەکە دوور دەخەنەوە و کاتێک دەیەوێت نەفەری سێهەم و ماشینەکەیشی لە شوێنەکە دوور بخاتەوە، خەڵک لێیان وەدەنگ دێن و شەڕ لە نێوانیاندا دروست دەبێت.

خەڵک ماشینی کابرای تاوانبار دەشکێنن و زۆرێکی زۆر لە مەئمور و کابرای تاوانباریش دەدەن.

لە ئاکامدا هێزی دژە شۆڕش دەڕژێتە ناو بازاڕی سەقز و بڵاوە بە خەڵک دەکات. هێزی دژە شۆڕش چەند کەس لە خەڵکی ئاسایی و ڕێبوارانی ناو بازاڕی کە شایەتی ڕووداوەکە بوون، لەگەڵ خۆیانیان بردووە.