لێبووردنی نێونەتەویی ناڕەزایەتی لەمەر سزای زیندانییەکی کورد دەربڕی

22:31 - 11 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: دەرکردنی ٥ ساڵ زیندان لە لایەن دۆزگەری شاری ورمێەوە بۆ زیندانییەکی سیاسیی کورد، دژکردەوەی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی لێ‏کەوتەوە.

زیندانییەکی سیاسیی کورد بە ناوی یوسف کاکەمەمی بە هۆی ناردنی نامەیەک بۆ ئەحمەد شەهید، ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤ بۆ کار و باری ئێران، سزای ٥ ساڵ زیندانی دیکەشی بۆ زیاد کرا.

ناوبراو پێشتریش دوو جار بە تۆمەتی چالاکیی تەشکیلاتی لە بەرژەوەندیی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەپێی بڕیاری دادگا، ٣- ٦ ساڵ حوکمی بۆ بڕدرا بووەوە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە ١٣٩٥ی هەتاوی لە بەیاننامەیەکدا وێڕای نادادپەروەرانە بوونی ئەو بڕیارە، ڕاگەیاند: \"دۆزگەری (دادستان) شاری ورمێ ناردنی نامەی یووسف کاکە مەمی بۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوکاریی ئەو زیندانییە کوردەی لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) وەسف کردووە و بەو تۆمەتەوە پێنج ساڵ زیندانی دیکەشی بۆ ناوبراو بڕێوەتەوە.

یووسف کاکەمەمی ئێستا لە بەندی ١٢ی زیندانی \"دەریا\"ی شاری ورمێ ڕاگیراوە، ئەو حوکمە نوێیە لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ئەو شارەوە بڕدراوەتەوە.

بەپێی حوکمی پێشووی دادگا، ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە هاوینی ١٣٩٤ی هەتاوی ئازاد دەبوو، بەڵام بەپێی ئەو بڕێارە نوێیە ئازاد بوونی یووسف هەتا ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی بە دوا دەکەوێت.

یوسف کاکەمەمی، خەڵکی شاری مەهابادە و لە ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی دەستبەسەر و بە وتەی بنەماڵەی ناوبراو، یووسف(مستەفا) لە هیچ کام لە قۆناغەکانی دادپرسینەکانی‏دا، پارێزەری نەبووە و ماوەیەک لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لە ژێر گوشار و لێکۆڵینەوەدا بووە، لە لێپرسینەوە و دادگایش تەواوی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردوەتەوە.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی سێ‏شەممەی حەوتووی ڕابردوو، داوای لە خەڵکی بە گشتی کردبوو، بە نووسین و ناردنی نامە بۆ بەرپرسانی دەوڵەتی لە ئیران، بەو حوکمەی دادگای شاری ورمێ ناڕەزایەتی خۆیان پیشان بدەن.