لێبوردنی نێونەتەوەیی: ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی ڕابگرن

15:45 - 12 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی داوای کردووە، کە حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی زیندانیی سیاسیی کورد ڕابگرن.

\"فلیپ لوتر\" بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی باکووری ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دوای بڵاوبوونەی هەواڵی ئەگەری ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد، ڕایگەیاند: \"ئەو زوڵمەی لە حەقی دۆسییەی ڕامین حوسێن‌پەناهیدا کراوە، لە یەکەم ڕۆژ هەتا ئێستا، خنکێنەر بووە. ئاسەوارەکانی ئەشکەنجه لە کاتی دادگایی کردنی ناوبراودا لەسەر جەستەی دیار بووە و حوکمی ئێعدامەکەشی کەمتر لە یەک کاتژمێردا پەسەند کراوە\".

ناوبراو دەڵێت: \"ڕامین حوسێن‌پەناهی لە کاتی لێکۆڵێنەوە و لێپێچینەوە لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و بنەماڵەکەی بێبەش بووە و ئیزنی دەسپێڕاگەیشتنی بە بەڵگه و شایەتەکانی نەبووە، کە داکۆکی لە خۆی بکات.

مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعاتیش به گوشارهێنان بۆ سەر ناوبراو و دانپێدانانی تەلەفزیۆنی بە وادەی هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ئێعدامەکەی، عەداڵەتیان خستووەتە ژێر پرسیارەوە و خۆبورادنی حوسێن‌پەناهی لە دانپێدانان بووەته هۆی ئەوەی کە ناوبراو بۆ ماوەیەکی درێژ لە ژووری تاکە کەسیدا ڕابگیرێت\".

بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەیی باکووری ئافریقا و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ڕوو لە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران ڕایگەیاندووە: \"ئێمە داوا لە بەرپرسانی ئێران دەکەین، ئەو کۆمەڵە پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ کە هەژێنەرە، قورستر نەکەن و لە تاوانێک کە قەرەبوو ناکرێتەوه خۆ ببوێرن و تا درەنگ نەبووە حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی هەڵوەشێننەوە\".

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خاکەلێوە لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات لە شاری قوم، حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی پشتڕاست کرایەوە.

ڕامین حوسێن‌پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە، بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەسبەسەر کرا و پێشتریش حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلەی یەکی دادگوستەری و پارێزەری دۆسییەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، بە ئاماژەکردن بە دەرکردنی حوکمی ئێعدامی ڕامین، لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: \"ڕامین حوسێن‌پەناهی بە تاوانی \"بغی\" و ئەندامبوون لە کۆمەڵە بە ئێعدام بە سێدارە لە حەوشی زیندانی سنە مەحکووم کراوە\"، کە دوای تەواوبوونی قۆناغی دەرمانی لە نەخۆشخانەی شاری سنە بۆ گرتووخانەی سپا گوازرایەوە.\"