لوقمان عەبدولقادر: سییەمین گۆڕی بەكۆمەڵ لە هەڵەبجە دۆزرایەوە

17:09 - 28 بانەمەڕ 2712
كوردپا: سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارنی هەڵەبجە رایگەیاند، لە شوێنێك لە 15 كیلیۆمیتریی شاری هەڵەبجە گۆڕێكی بەكۆمەڵی دیكە دۆزرایەوە كە نزیك بە 70 تەرمی تێدا بووە.

لوقمان عەبدولقادر، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند: \"لە رۆژانی رابردوودا لە \"كلكەی باڵامبۆ\" هەڵكەوتوو لە 15 كلیۆمیتریی هەڵەبجە گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوە كە نزیك بە 70 تەرمی تێدا بووە و هی كاتی شیمیایی بارانی ساڵی 1366ی هەڵەبجەیە\".

\"4584.jpg\"

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەش كرد، \"ئاستی تاوان و رێژەی قوربانیانی كارەساتەكەی هەڵەبجە بەڕادەیەك بووە كە تەنیا ناو شاری هەڵەبجەی نەگرتۆتەوە و دۆزرانەوەی ئەم گۆڕە تازەیەش دەربڕی ئەم راستییەیە كە خەڵكی هەڵەبجە لە كاتی دەربازبوونیشدا كەوتوونەتە بەر چەكی شیمیایی\".

لوقمان عەبدولقادر وتیشی: \"ئەمە چلەمین گۆڕی بەكۆمەڵە كەلە دەڤەری هەڵەبجە دەدۆزرێتەوە و بە وتەی شایەتحاڵان و كەسانی دانیشتووی ئەو دەڤەرە، كاتی خۆی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی كە دوای كیمیاباران هاتوونەتە ناو هەڵەبجە، ئەو تەرمانەیان بەكۆمەڵ كردۆتە ژێر خاكەوە\".

\"4585.jpg\"
سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە وتیشی: \"داوا لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفال كراوەكان و بەتایبەت \"بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕە بەكۆمەڵكان\" دەكەین كە گرێنگی بەو گۆڕە بەكۆمەڵانە بدات كە یان تێلبەند و دیواریان بە دەوردا بكێش، یان كار بۆگواسنەوەیان بكات و لە ریزی گۆڕەكانی ناوشاردا بیاننێژێت\".

25 ساڵ لەمەوبەر و رێكەوتی 25ی رەشەممەی 1366ی هەتاوی (16ی فیوریەی 1988) لەلایەن حكوومەتی رووخاوی بەعسەوە شاری هەڵەبجە شیمیایی باران كرا و زیاتر لە 5 هەزار هاووڵاتیی كورد بوونە قوربانی.