لایەنە پەیوەندیدارەکانی شاری روانسەر، ماوەی سێ ساڵە رێگری لە دروست کردنەوەی مزگەوتێک دەکەن

15:11 - 8 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە کاتێکدا مزگەوتی فارووقیە لە شاری روانسەر کە بە بۆنەی نوێژەن و گەورەکردنەوە، سێ ساڵ پێش ئیستا لەلایەن \"هەیئەتی ئۆمەنا\"ی شارەکەوە تێکدرا، ناوەندە حکوومەتییەکان ئیزنی دروست کردنەوەی پێ نادەن.

پەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی سێ ساڵە مزگەوتی فاروقیەی شاری روانسەر، کە بۆ دروست کردنی سێ نهۆم ئاسنیشی بۆ چەقێندراوە، لەلایەن بەرپرسانی، شارەوانی، ئیتلاعات و فەرمانداری شارەکەوە رێگری لە دروست کردنی دەکرێت.

یەکێک لە دانیشتوانی شاری روانسەر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا، رایگەیاند: مزگەوتی فارووقیە تەنیا مزگەوتێکە کەلە ئوستانی کرماشان لە ژێر بڕیاراتی ئیدارەی ئەوقاف و (امور خیریە)دا نییە و ئەمە بۆتە هۆی ئەوەیکە بەرپرسانی شارەکە لەمەڕ دروست کردنەوەی مزگەوتی فارووقیە بە بیانوو بن.

هەروەها گوتیشی، لە کاتێکدا خەڵکی شاری روانسەر بۆخۆیان پارەیان بۆ دروست کردنەوەی مزگەوتەکە کۆکردەوەو رێگرییان لە رەوتی دروست کردنەوەکەی گرتووە و رایانگەیاندووە، کە خەڵک بە چەند مەرجێک دەتوانن مزگەوتەکە دروست بکەنەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردەی دانیشتووی شەقامی فارووقیەی روانسەر باسی لەوەش کرد، کە بەرپرسانی شارەکە دەڵێن: دەبێت بەرپرسانی مزگەوتەکە لەلایەن ئیدارەی ئەوقافەوە دیاری بکرێت، مزگەوتەکە تەنیا یەک نهۆم بێت و لە بۆنە و جێژنە ئیسلامییەکاندا لەگەڵ حکوومەت بۆنە و جێژنەکانیان بەڕێوە بەرن.

بەوتەی سەرچاوەکە، هاووڵاتییانی شاری روانسەر بە هیوابوون، مزگەوتەکە لە سێ نهۆم دروست بکەن و نهۆمی ژێرەوە بۆ مردوو شۆردن و نهۆمی ناوەڕەستی مزگەوتەکە بۆ حوجرەی فەقێ و پەروەردەی ئایینی و نهۆمی سێیەمیش بۆ نوێژی جەماعەت بۆ ژنان و پیاوان، تەرخان بکرێت.
\"20219.jpg\"

\"20221.jpg\"

\"20220.jpg\"