لایەنە هونەری و یاساییەكانی كیمیابارانی سەردەشت، تاوتوێ‌كرا+وێنە

16:21 - 4 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: كۆڕیادێك بە بۆنەی رێزگرتن لەقوربانییانی كیمیابارانی شاری سەردەشت لەكانوونی پارێزەرانی دادگوستەری ناوەند بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئێوارەی رۆژی رابردوو ساڵۆنی \"ئیقباڵ\"‌ی كانوونی پارێزەرانی دادگوستەری لەتاران میوانداریەتی رێوڕەسمی كۆڕیادی ٢٧ـەمین ساڵیادی بوردومانی كیمیایی بارانی سەردەشتی كرد.

لەسەرەتای رێوڕەسمەكە، فیلمێكی دیكیۆمێنتاری \" بەرەبەیانییەك كە بۆنی لیمۆی دەدا\" و باسی لە ژیانی پێنج ژن كە لەكیمیابارانی سەردەشتدا بوون، نمایش كرا.

سووسەن شەریعەتی لەچەند وتەیەكدا ئاماژەی بەوە کردبوو: یەكێك لەتایبەتمەندییەكانی ئەو فیلمە، شێوازی دەربڕینی جیاواز لە دیاردەی شەڕە و ژن وەكوو قوربانیی دەستی كیمیاباران هەڵگری سێ‌ئازاری وەكوو نەخۆشی، دایك و هاوسەرە و هیچ كەسێكیش لەوبارەیەوە یارمەتیدەری نیە و بۆ بە تەنیایی بەربەرەكانی لەگەڵ كێشەكان دەكات و لە پشتیوانی دەزگا حكوومەتییەكان بێبەرییە.

دواتر دوكتور سەتار عەزیزی پارێزەر لە دادگا، باسی لەسەلماندنی جینایەتی جەنگی دژی خەڵكی شاری سەردەشت لە ناوەندێكی قەزایی كرد و گوتی: بەپێی راگەیەندراوی دادگای، \"فرانس ئانرات\" بە ئاگاداری تەواو لە نییەت و مەبەستی حكوومەتی عێراق، نزیك بە ٣٧% لە كەرەسەی كیمیایی عێراق لەلایەن ئەو تاوانبارەوە دابین كرابوو.

خانمی ئازادە بیزارگیتی، دەرهێنەر و فیلمنامەنووسی \" بەرەبەیانییەك كە بۆنی لیمۆی دەدا\" باسی لەشێوەی ئاشناكردنی هاووڵاتیان لەگەڵ كارەساتی كیمیابارانی شاری سەردەشت و هاودەردی كردن لەگەڵ ژنانی قوربانیی ئەو كارەساتە دڵتەزێنە كرد.

لەو كۆڕیادەدا دوو كەس لەقوربانییانی كیمیاباران كردنی سەردەشت بەناوەكانی \"پەروین واحیدی و مێهری ملكاری\" كە ناوەڕۆكی فیلمەكە لەسەر ژیانی ئەوان بوو، چەند وتەیەكیان پێشكەش كرد.

پێشكەش كردنی لەوحی رێزلێنان بەو كەسانەی كە بە مەبەستی وەدیهاتنی مافی قوربانیانی كیمیاباران كردنی سەردەشت هەوڵ و چالاكیان كردووە، كۆتایی رێوڕەسمەكە بوو.

\"گرووپی پارێزەرانی هاوكار\" و \"كانوونی هاونیشتیمانانی ژنان\" لەبەڕێوەبەرانی رێوڕەسمی رۆژی ٣‌ی پووشپەڕ بوون.

هاوكات لەگەڵ ئەو رێوڕەسمە، پیشانگای وێنەیی مەهدی مەنعەم لەژێر ناوی \"نوێنەرانی ئاشتی\" لەشاری قوم كراوەتەوە.

لەو پیشانگایەدا ٢٠ وێنەی رەش و سپی لە قوربانییانی شەڕی كیمیابارانكردنی سەردەشت پیشان دراوە.

٢٧ ساڵ لەمەوبەر لەرۆژی ٧‌ی پووشپەڕی ١٣٦٦، شاری سەدەشت بووە ئامانجی كیمیابارانكردنی ئەرتەشی عێراق و لەو هێرشەدا، نزیك بە ٥٠٠ مرۆڤی بێ‌‌تاوان كوژران و زیاتر لە ٨ هەزار كەسی دیكە بریندار بوون.

وێنە: مەنسوور جیهانی

\"20759.jpg\"

\"20752.jpg\"

\"20750.jpg\"

\"20753.jpg\"

\"20754.jpg\"

\"20758.jpg\"

\"20756.jpg\"

\"20757.jpg\"

\"20755.jpg\"