لاوەکانی \"سەردۆش\" بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان کران

16:01 - 6 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: ٣٠ لاوی خەڵکی گوندی \"سەردۆش\"، بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بانگهێشت کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکان، لە ڕێگەی پێوەندی تەلەفۆنییەوە سی کەس لە لاوەکانی گوندی \"سەردۆش\"، سەر بە شاری مەریوانیان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کردووە و هەڕەشەیان لێ کردوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی دوو کەس لە هاووڵاتییانی ئەم گوندە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوونە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: خەڵکی گوندی \"سەردۆش\"، لە ڕۆیشتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعات خۆیان بواردووە و وڵامی خواستەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتیان نەداوەتەوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هۆکاری بانگهێشتی لاوەکانی ئەو گوندەی بۆ \"بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی پڕشکۆی نەورۆز\" گەڕاندووەتەوە، کە تووڕەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی بە دواوە بوو.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٥ی خاکەلێوە، دوو لاوی کورد، بە ناوەکانی \"ئەرسەلان نیکخا\" تەمەن ٢٤ ساڵ، کوڕی عارف و \"ئارش نەوزەری\"، تەمەن ٢٣ ساڵ، کوڕی فایەق، خەڵکی گوندی \"سەردۆش\"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کران.