لاوێک بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی کرماشان ئازاد کرا

11:10 - 29 رەشەمه 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئاکۆ بەهرامی" خەڵکی تازاوای شاری سەلاسی‌باوەجانی، بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ئازاد کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئاکۆ بەهرامی سەرەتای مانگی ڕەشەمە پاش گەڕانەوەی لە هەرێمی کوردستان بە تۆمەتی "لایەنگەری لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان کرابوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هێزە ئەمنییەتییەکان بەو هاووڵاتییە کوردەیان ڕاگەیاندووە کە بەبێ ئیزنی ئەوان مافی نییە لە شاری سەلاسی‌باوەجانی بچێتە دەرەوە".

ئاکۆ بەهرامی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.