لاوێکی کورد پلەی دووهەمی ئێرانی لە کیبڕکییەکانی \"مهارت\" وەدەست هێنا

12:13 - 24 رێبەندان 2715
ئاژانسی کوردپا: لە شازدەیەمین کێبڕکییەکانی \"مهارت\"دا کە تایبەتە بە پیشە سەنعەتییەکان، لاوێکی کوردی خەڵکی شاری سەقز توانی پلەی دووهەم وەدەست بێنێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەری کوردپا، ئەم کێبڕکیانە کە هەموو ساڵێک بە بەشداری لاوانی ژێر ٢١ ساڵ لە ئێراندا بەڕێوەدەچێت، لە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندان دەستی پێکرد و پاش کۆتایی و هەڵسەنگاندنی بەرهەمەکان \"ئەمیر حاجی پیرۆتی\" وەک لاوی سەرکەوتوو لە بواری \"لوولەکێشی و سیستمی گەرمادە\" توانی پلەی دووهەم و مێداڵیای زیو بۆ خۆی مسۆگەر بکات.

سەرکەوتوانی ئەم خولە لە کێبڕکێ جیهانیەکانی ٢٠١٧ لە \"ئەبوزەبی\" بەشداری دەکەن.

جگە لە \"ئەمیر حاجی پیرۆتی\" تیمی پارێزگای سنە توانی ٢ میداڵیای زێڕ لە بواری ڕۆباتیکی تیمی، ٤ مێداڵیای زیو لە بوارەکانی داڕشتنی گرافیک، جۆشکاری و لوولەکێشی، ٢ مێداڵیای بڕۆنز لە بواری ئاکواتڕۆنیک و ٣ دیپلۆمی شانازی لە بواری بەرهەمهێنانی تیمی وەدەست بێنن.

\"ئەمیر حاجی پیرۆتی\" خوێندکاری کاردانی دامەزراوەکان (تاسیسات) لە زانکۆی ئازادی سەقزە کە پێشتریش لە ئاستی شاری سەقز و پارێزگای سنەدا پلەی یەکەمی وەدەست هێنابوو.