لاوێکی کورد لە شاری سنە دەسبەسەر کرا

13:42 - 29 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕێبەندان، هێزە ئیتلاعاتییەکان هێرشیان کردە سەر گوندی \"تەنگیسەر\" و لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵ، بە ناوی \"ئارش ئەحمەدی\"، کوڕی ناسریان دەسبەسەر کردووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان، هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو لاوە کوردەیان، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیران\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هەتا ئێستە هەوڵەکانی بنەماڵەی ئەو لاوە کوردە، بۆ ئاگاداربوون لە مەڕ چارەنووسی کوڕەکەیان بێئاکام بووە.

ئەوە سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، کە هێزە ئیتلاعاتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و پاش دەسبەسەر کردنی ئارش ناوبراویان بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گواستۆتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ئەو لاوە کوردە لە بەردەستدا نییە.