لاوێکی کورد \"بەبێ بوونی پارێزەر\" بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

13:27 - 16 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی سێ دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، لاوێکی کوردی خەڵکی ئەو شارەی بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگایکردنی لاوێکی کورد، بە ناوی \"ئیقباڵ ئەحمەدپوور\" کوڕی محەممەد، خەڵکی گوندی \"ئەنبێ\" لە ناوچەی تەرگەوەڕ ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی ڕەزبەر، لە لقی سێ دادگایی ئینقلابی شاری ورمێ بەڕێوەچووه، ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، ئەو لاوە کوردە، بە تۆمەتی \"هەوڵدان بە دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کردووە.

ئەو لاوە کوردە ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵ، بە تۆمەتی \"ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن ئیتلاعاتی شاری ورمێیەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسیی ئەو ناوەندە حکوومەتییە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا.

ئیقباڵ ئەحمەدپوور پاش لێکۆڵینەوە بۆ بەندی ١٣ بەندی تایبەت بە لاوان لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزراوە.