لاوێکی کورد بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا

13:55 - 8 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی دەسبەسەرکراوی خەڵکی ورمێ، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوە، لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کورد به ناوی \"ئێقباڵ ئەحمەدپوور\"، کوڕی محەممەد، خەڵکی گوندی \"ئەنبێ\"، سەر به ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوە، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرا.

به وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕاگواستنی ئەم لاوە کورده بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ بەبێ پەسەندکردنی حوکمی دادوەری ڕووی داوە.

ئەم لاوە کورده، ڕۆژی ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵ، به تاوانی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردیییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێیەوە دەسبەسەر و بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ له ژووری تاکەکەسی گرتووخانەی ئەم ئیدارەیەدا لێپرسینەوەی لێ کراوە.

ئێقباڵ ئەحمەدپوور، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوە، بۆ بەندی ١٣ی زیندانی ناوەندیی ورمێ که تایبەت به لاوانه ڕاگوێزراوە و لە دەسپێڕاگەیشتن به پارێزەر بێبەری کراوه.