لاوێکی کورد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد کرا

13:25 - 19 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەهاباد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج شەممە ١٧ی ڕەشەمە، لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی گوندی سەهۆڵانی شاری مەهاباد کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرا.

شوناسی ئەو لاوە کوردە بریتییە لە \"موحسێن ئەحمەدی\" تەمەن ٢٤ ساڵ خەڵکی گوندی سەهۆڵانی شاری مەهاباد.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەهابادەوە هۆکاری بانگهێشت کردنی ناوبراوی بەم چەشنە ڕاگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعات پاش گەڕانەوەی موحسێن لە هەرێمی کوردستان، ناوبراویان بانگهێشت و پاش دوو کاتژمێر لێپرسینەوە لەو لاوە کوردە، بەڵێننامەیان لێ وەرگرتووە، کە جارێکی دیکە سەردانی هەرێمی کوردستان نەکات.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئیدارەی ئیتلاعات بەو لاوە کوردەیان گوتووە، مەبەستی تۆ لە چوون بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ پێشمەرگەکانی ئەو حیزبە بووە.

لە ئێراندا ناوەندە جۆراجۆرەکانی ئیتلاعات چالاکن و وەزارەتی ئیتلاعات بەشێک لە بەدەنەی دەوڵەت پێکدێنێت و چەند ناوەندێکی ئیتلاعاتی وەک: ئیتلاعاتی سپا، حیفازەت ئیتلاعاتی سپا و حیفازەتی سپا، لەژێر چاوەدێریی سپای پاسداراندان.