لاوێکی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بەخشرا

14:23 - 12 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بە هەوڵ و بەدواچوونی کۆمەڵێک لە چالاکان و هاووڵاتییانی شاری سنە لاوێکی ئەو شارە کە لەمێژە حوکمی ئێعدامی لەلایەن دەزگای دادوەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ بڕاوتەوە، لەلایەن بنەماڵەی کوژراوەکەوە بەخشرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"هێمن هەورامی نژاد\" تەمەن ٢٤ ساڵە خەڵکی شاری سنە کە حەوت ساڵ پێش حوکمی ئێعدامی لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە بۆ بڕدرابووە و، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ١٢ بەفرانبار، گیانی نوێ پێی بەخشرا.

هێمن هەورامی نژاد، بەهۆی شەڕ و کێشە لەگەڵ یەکێک لە هاوڕێکانی بە ناوی\"پوویا ئەبولقاسمی\" چەند زەربەیەکی چەقۆی لێدابوو، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی هاورێکەی.

هەواڵدەریی \"تابناک\" کوردستان لەو باریەوە بڵاوی کردەوە کە، هەوڵی چالاکان و هاووڵاتییانی شاری سنە، بنەماڵەی کوژراکەیان قەناعەت پێهێناوە لە بەبەخشینی قاتڵی کوڕەکەیان، هێمن هەورامی نژاد لە مردن ڕزگار بکەن.

دیوانی باڵای ئێران، ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، حوکمی ئیعدامی بۆ \"هێمن هەورامی نیژاد\" بڕییەوە.
ناوبراو بە تاوانی کوشتن (قەتڵی بە ئەنقەست)، حوکمی ئیعدامی لەسەر دراوە.

\"قیساس\" لە یاسایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، بۆ سزای کوشتنی بە ئەنقەست لە بەرچاوگیراوە و بەڕێوەبردنی ئەو حوکمە بە مافی خاوەن کوژراوەکە بە ئەژمار دێت و ئەویش سەرپشکە لە جێبەجییکردنی، یان بەخشینی ئەو حوکمە.

هێمن لەدایکبووی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوییە و لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیدا، تەمەنی ١٧ساڵ بووە.