لاوێکی کرماشانی لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان دەسبەسەر کرا

21:02 - 20 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات، لە شاری کرماشان لاوێکی کوردیان دەسبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی بەفرانبار، لاوێکی کوردی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی \"پووریا ئەمجەدیان\" خەڵکی شاری کرماشان، لە ماڵەکەی خۆیاندا لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو لاوە کوردە و پشکنینی ماڵەکەیان، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان ئەو لاوە کوردەیان بە بیانووی بەشداریی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان دەسبەسەر کردووە.

دەوترێ، هێزەکانی ئیتلاعات پێش لە دەسبەسەر کردنی پووریا ئەمجەدیان، دوو هاوووڵاتیی دیکەیان لەو شارە دەسبەسەر کردووە، کە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسیان بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کرماشانیش، هەروەها بە ڕێخستنی کاناڵگەلێک لە دنیای مەجازیدا، هاووڵاتییانی بەشداربوو لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان، بۆ دەسبەسەر کردنیان، دەخەنە ژێر چاوەدێرییەوە.

ئیتلاعاتی سپای پاسداران ئامانجی لە ڕێخستنی ئەو کاناڵانە، دەسبەسەر کردنی ناڕازییان و ڕێبەرانی ئەو خۆپێشاندانانەی ڕاگەیاندووە.

ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییە سەر بە سپای پاسدارانە، کە بە بڵاوکردنەوەی وێنەی ناڕازییەکان، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، هەر کەسێک زانیاری لە سەر ئەو کەسانە هەیە، بۆ ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییەی بنێرێت.