لاوێکی کرماشانی لە شاری شووش بە تەقینەوەی مین بریندار بوو

19:53 - 3 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد، خەڵکی شاری سەرپێڵی‌زەهاو بە هۆی تەقینەوەی مین لە شاری شووش سەر بە پارێزگای خووزستان بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢ی بەفرانبار، لاوێکی کورد خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو بە ناوی \"دانیال خەدیو\" تەمەن ١٥ ساڵ، لە ناوچەی چنانە (فکە) سەر بە شاری شووش لە پارێزگای خووزستان تووشی ڕووداوی تەقینەوەی مین بوو.

ئەو لاوە کرماشانییە کە خەریکی لەوەڕاندی مەڕوماڵات بووه بە هۆی بەرکەوتنی یەکێک لە مەڕەکان بۆ سەر مین، پارچەیەکی مینەکە بەر ئەو لاوە کوردە دەکەوێت کە ئەمەش بووه بە هۆی برینداربوونی ڕوخساری دانیاڵ خەدیو.

دەوترێت، ئەو لاوە کرماشانییە پاش گوازتنەوە بۆ بەشی ئۆرژانسی نەخۆشخانەی \"نیزام مافی\" لەژێر چاودێریی پزیشکی دایە و نەشتەرگەری چاوی بۆ کراوە. بە وتەی بەرپرسانی نەخۆشخانە بارودۆخی تەندروستی گشتی دانیاڵ خەدیو باش ڕاگەیەندراوە.

پزیشکانی نەخۆشخانەی نیزام مافی ڕایانگەیاندووە کە بە هۆی \"برادە\"یەکی چووکە لە چاوی ئەو لاوە کوردە، دەبێ ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری ئەهواز بکرێت.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ٢٣ کەس بوونە قوربانی، ٣ی کوژرا و ٢٠ کەس بریندار بوون.

بەپێی ئامارەکان، ١٦ میلیۆن هێکتار لە خاکی ئێران بە مین ئالوودە کراون.