لاوێکی پیرانشاری، لە شەقامێکی ئەو شارەدا خۆی کوشت

19:35 - 18 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵەی خەڵکی پیرانشار بەهۆکارێکی ناڕوون هەوڵی خۆکوژییدا و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارەی دووشەممە رێکەوتی ١٧ی سەرماوەز، لاوێک بەناوی (محەمەدخالید محەمەدئەمینی) دانیشتووی پیرانشار، لە شەقامی کەمەربەندیی ئەو شارەدا خۆی کوشت.

بەگوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو رووداوە، ئەو لاوە کوردە لە شەقامی کەمەربەندی بە شریتێک خۆی هەڵواسیوەو لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

چەند رۆژ پێش ئێستاش کچە خوێندکارێکی خەڵکی شاری سەقز بەناوی سومەیە مەلەکی، دانیشتووی شاری سەقز بە هۆکارێکی ناڕوون خۆی هەڵواسی و کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئەژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای وەرزی پاییزی ئەمساڵەوە هەتا ئیستا١٤ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە، کە ٦ کەسیان پیاو و ٨ کەسی دیکەشیان ژن بوون.

کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی لەوباوەڕەدان کە بێکاری و هەژاری سەرەکی‌ترین هۆکارەکانی خۆکوژیی هاووڵاتییانن، بە شێوەیەک کە گەمارۆ ئابوورییەکان و زیادبونوی ئاماری بێکاری، زیادبوونی خۆکوژیی هاووڵاتییانی زیاتر کردووە.