لاوێکی نەوسوودی بە زەبری گولـلەی هێزە نیزامییەکانی ئێران کوژرا + وێنــە

19:53 - 17 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی خەڵکی ناوچەی نەوسوود، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژاسنی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، هێزە چەکدارەکانی پاسگای \"ملاندەر\" لە ناوچەی نەوسوود، ٢ لاوی خەڵکی ئەو ناوچەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئەنجامدا یەکێکیان بەناوی \" ئێحسان پەیام\" تەمەن ٢٢ ساڵە و کوڕی محەممەد دەستبەجێ گیانی لەدەست دا و ئەو کەسەی دیکەشیان بەناوی \"کاوان حەیدەری\" کوڕی قەیسەر، بە توندی بریندار بووە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی ئێحسان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: \" ئێحسان و کاوان لە خاڵی سنووریی \"شۆشمێ\" خه‌ریکی کولبه‌ری بوون و پاشان له رێگای نه‌وسود بۆ پاوه له پاسگای ملاندره بە بێ هیچ هۆکارێک لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە تەقەیان لێکراوە\".

ئەو ئەندامەی بنەماڵەی ئێحسان گوتیشی : \" تەقەی ئەو هێزانە لە حاڵێکدا بووە کە ئێحسان و کاوان بەشێوەی یاسایی و لە کاتێکیشدا بەرگی سەوزیان پێ بووە ته قه یان لیکراوه.

هەواڵنێری کوردپا لە نەوسوود رایگەیاند؛ یەکێک لە بەرپرسانی دەزگای دادوەریی شاری پاوه بەڵێنیی بە بنەماڵەی \"ئێحسان\"داوە کە لە میدیایی کردنەوەی هەواڵی کوژرانی کوڕەکەیان خۆ ببووێرن و راشیگەیاندووە کە بۆ خۆی بەشێوەی یاسایی بەدواداچوون بۆ ئە مەسەلەیە دەکات.

بەڵێنیی ئەم بەرپرسەی دەزگای دادوەریی شاری پاوه لە حاڵێک دایە کە ٢ ساڵ پێش ئێستا و لە کاتی کوژرانی لاوێکی دیکەی ئەو شارە بەناوی \"پوورمەند مێدحەت‌نیا\" بەڵێنیی بە بنەماڵەی ناوبراو دابوو کە هەتا ناساندنی بکوژەکە بەدواداچوون بۆ پەروەندەی کوڕەکەیان بکەت، بەڵام بکوژەکە پاش ماوەیەی کورت تەنیا بە دانی ٢ میلیون تمەن، سزا درا.

تەرمی ئێحسان ئەمڕۆ هەینی لەنێو غەم و پەژارەی بنەماڵە و رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی شاری نەوسوود بە خاک سپێردرا.

کاروان حەیدەری کە لەو رووداوەدا و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا بریندار بووە، لە نەخۆشخانە لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

هەنووکە شاری نەوسوود بەهێزێکی زۆری نیزامی میلیتاریزە کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: هێزە چەکدارەکانی پاسگای ملاندەر پاش کوشتنی ئێحسان، پاسگاکەیان چۆڵ کردووە، بەڵام ئەو پاسگایە بە کامێرای چاوەدێری تەیار کراوە.
\"16627.jpg\"

\"16631.jpg\"