لاوێکی مەهابادی کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

16:59 - 14 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: بەخۆکوژیی لاوێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، ئاماری خۆکووژیی هاووڵاتییانی کورد لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا گەیشتە ٥٨ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا لاوێکی مەهابادی بەناوی \"نوورەدین ئارمین\" تەمەن ٢٥ ساڵ بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

دەگوترێت نووردەین بەخواردنی \"حەب\" هەوڵی خۆکوژی داوە کە بەرلە گەیشتن بە نەخۆشخانە بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٥٨ هاووڵاتیی کورد کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە، کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٢٨ کەسیان پیاو بوون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بەسەرنجدان بە نەبوونی میدیای ئازاد و هەروەها نەریتی بوونی کۆمەڵگە زۆربەی هەواڵی خۆکوژیی هاوولاتییان بەشاراوەیی دەمێنێتەوە، بۆیە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو ریژەیەش زیاتر بێت.