لاوێکی مەهابادی لە ریزەکانی داعشدا کوژراو چەند لاوێکی سەقزیش بە خێزانەوە چوونەتە نێو داعش

19:46 - 28 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی رابردوودا ژمارەیەک لە لاوانی کوردی خەڵکی شارە جیاجیاکانی کوردستان روویان لە ریزەکانی داعش کردووەو چەند کەسێکیشیان لێ کوژراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی خەڵکی مەهاباد، کە بە مەبەستی جیهاد کردن رووی لە ریزەکانی داعش کردبوو، رێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ئەمساڵ لە تێکهەڵچوونی نێوان چەکدارانی داعش و هێزەکانی پێشمەرگەدا لە شەنگال کوژرا.

سەرچاوەیەک لە شاری مەهاباد، ناوی ئەو لاوە کوردەی رەحیم بایزیدی و کوڕی عومەری (قالە چەرچی)، بۆ هەواڵنێری کوردپا ئاشکرا کردووە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، رەحیم بایزیدی کە تەمەنی ٢٢ ساڵ بووە، خەڵکی گوندی باگردان مەنگوڕایەتی سەربە شاری مەهاباد و دانیشتووی بەری شیلانانی ئەو شارە بووە.

هاوکات هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز، ئاشکرای کرد، ژمارەیک لاوی سەقزی، کە بەشێکیان خیزاندار بوون، لەژێر ناوی هیجرەت و جیهاد کردندا، چوونەتە نێو ریزەکانی داعش لە عێراق.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ هەواڵنێری کوردپای درکاندووە، کە چەند رۆژ پێش ئێستا دوو کەس بەناوی فەرزاد محەمەدی و یەعقووب، کە خەڵکی گەڕەکی بەرد بڕانی شاری سەقز بوون، روویان لە نێو داعش کردووە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، فەرزاد محەمەدی هاوڕێ لەگەڵ ژنەکەی چۆتە نێو ریزەکانی داعش.

لە ماوەی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵیشدا، لاوێکی کوردی خەڵکی گەرەکی حاجیاوای شاری سەقز، کە شوناسی بۆ ئاژانسی کوردپا ئاشکرا نەبووە، لە ریزەکانی داعشدا کوژرابوو، کە بە گوتەی سەرچاوەیکی ئاگادار بنەماڵەکەی بە نهێنی پرسە و سەرەخۆشییان بۆ بەڕێوە بردبوو.

هەروەها، لە مانگی خەزەڵوەردا سێ لاوی دیکەی خەڵکی شاری مەهاباد بەناوەکانی \"م. ن\" تەمەن ١٦ ساڵ، \"ش.ن\" تەمەن ٢٠ ساڵ و \"ر.س\"، کە پەیوەستی ریزەکانی داعش ببوون، لە تێکهەڵچوونەکانی ئەو رێکخراوە ئیسلامییەدا لەگەڵ هیزەکانی پێشمەرگەدا کوژرابوون.

لە ساڵی ١٣٩٠ی هەتاویشدا چەندین لاوی دیکەی خەڵکی گەرەكی حاجیاوای شاری سەقز، به مه‌به‌ستی جیهاد و شه‌ڕ كردن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئامریكا روویان لە وڵاتی ئەفغانستان کردبوو، کە یەکێک لەوان بەناوی \"یادگار شێخ حەسەنی\" لە کردەوەیەکی \"ئیستشهادی\"دا خۆی تەقاندبوویەوە.

ناوەڕاستی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ لاپەڕەی پشتیوانانی خەلافەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بلاوی کردبوویەوە، \" لە ماوەی ١٠ مانگی رابردوودا ٢٣ لاوی کوردی خەڵکی شارەکانی بۆکان، مەهاباد، سەقز و جوانڕۆ کە بە \"موهاجیر\" ناوی بردبوون، روویان لە نێو خەلافەتی ئیسلامی کردووەو دەستبەجێ ٩ کەسیان خۆیان بۆ کردەوەی ئیستشهادی (خۆ تەقاندنەوە) ئامادە کردبوو\".