لاوێکی مەهابادی بە خواردنی حەبی برنج خۆی کوشت

20:30 - 20 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵەی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، بەهۆی خواردنی حەبی برنجەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ١٨ی رەزبەر لاوێکی مەهابادی بەناوی هێمن دادوەند و کوڕی شەریف لە رێگەی خواردنی حەبی برنجەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ئەو لاوە تەمەن ١٨ ساڵەیە، دانیشتووی گەڕەکی بەری شیلانانی شاری مەهاباد بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەهابادەوە رایگەیاند، ئەو لاوە کوردە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەژاری و دەستکورتی کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە، کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەرۆکی لاوانی بێکاری ناوچە پەراوێزخراوەکانی ئێرانی گرتووە.

لەماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٩١ کەس بەهۆی خواردنی حەبی برنجەوە گیانیان لەدەست داوە، کە بە بەراوەرد لەگەڵ ئاماری ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو، لە سەدا ١٣ رووی لەزیادبوون کردووە.

پێشتر کۆمەڵناسێک رایگەیاندبوو؛ بێکاری، گرانی، کێشەی ئابووری و بنەماڵەیی و هتد ... هۆکاری ناڕاستەوخۆی زیادبوونی ئاماری خۆکوژی لە نێوان لاوانی وڵاتی ئێراندان.