لاوێکی مەریوانی پاش پێنج ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا

13:23 - 14 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی یەکێک گوندەکانی شاری مەریوان، بە هۆکارێکی نادیار هەوڵی خۆکوژی دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پێنج ڕۆژ پێش، لاوێکی تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی گوندی \"چۆڕ\"ی شاری مەریوان، هەوڵی خۆکوژی دا و پاش پێنج ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو لاوە مەریوانییە، بە ناوی \"عەتا ئەحمەدی\" تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی گوندی \"چۆڕ\" سەر بە شاری مەریوان ڕاگەیندراوە.

سەرەڕای هەوڵی پزیشکەکان بۆ ڕزگار کردنی عەتا ئەحمەدی لە مردن، هەوڵەکانیان بێئاکام بوو و پاش پێنج ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی شاری سنە، ڕۆژی ڕابردوو گیانی لە دەست دا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری خۆکوژی ئەو لاوە کوردە ڕانەگەیندراوە.

زۆربوونی ڕێژەی خۆکوژی لە ئێران، لەم چەند ساڵەی دواییدا بەتایبەت لە نێو لاوان و ژنان، لە لایەک بەرهەمی هەژاری و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێرانە و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی سووکایەتی کردن و گوشاری هێزە ئەمنییەتییە حکوومەتییەکان لەسەر خەڵکە.