لاوێکی مەریوانی پاش لێخۆشبوون لە ئێعدام ڕزگاری بوو

20:43 - 4 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی خەڵکی شاری مەریوان، بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست نزیک بە ١١ ساڵ لە گرتووخانە بوو، کە بە لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە لە ئێعدام ڕزگار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمرۆ چوارشەممە ٤ی ڕێبەندان، \"ئامانج وەیسی\" تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی محەممەد کە نزیکەی ١١ ساڵ پێش بە تۆمەتی \"کوشتنی بەئەنقەست\" بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، پاش لێخۆشبوون، لە گرتووخانەی مەریوان ئازاد کرا.

ئامانج وەیسی، لە تەمەنی ١٥ ساڵەی بە تۆمەتی\" کوشتنی بەئەنقەست\" بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، بە لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکە و یارمەتی پارێزەرەکەی، لەسەر بڕیاری دیوانی باڵای وڵات لە ئێعدام ڕزگاری بوو و حوکمەکەی لە ١١ ساڵ بە سێ ساڵ زیندانی گۆڕدرا و بە دانی خوێنبایی (دیە) بە بنەماڵەی کوژراوەکە، بەخشرا.

ئەو لاوە مەریوانییە شەش ساڵی یەکەمی لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنە تێپەڕاند و دواتر بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەریوان گوازرایەوە.