لاوێکی مەریوانی بوو ڕاهێنەری تیمی میللی بەلەمەوانیی ئێران

15:04 - 22 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: وەرزشوانێکی لاوی خەڵکی شاری مەریوان وەکوو ڕاهێنەری ئوردووی ئامادەکاری بەشی تکنیکیی بەلەمەوانیی تیمی میللی ئێران بانگهێشت کرا و ئەرکی بەشی تکنیکیی ئەو تیمەی لە ئەستۆ گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی وەرزشوانی مەریوان بە ناوی هیوا نەسیمی وەکوو ڕاهێنەری تکنیکیی تیمی میللی ئێران لە کێبڕکێی بەلەمەوانی دەست نیشان کرا.

سێهەمین دەوری ئوردووی ئامادە کاری تیمی میللی \"ئیسلالۆم\"ی لاوان، بە بەشداریی ٦ بەلەمەوان لە ٢٤ی ڕەزبەردا، لە گۆلی ئازادی شاری تاران بەڕێوە دەچێت.

تیمی میللی ئیسلالۆم بە ئامانجی بەشداری کردن لە کێبڕکێی قارەمانیەتی ئاسیای ٢٠١٧ و هەڵبژاردنی ئولەمپیکی لاوانی وڵاتی ئارژانتین بانگهێشت کراون.

هیوا نەسیمی ڕاهێنەری کورد و بەردیا مێهرجوو، ئەرکی ڕاهێنانی بەشی تکنیکی و تاکتیکیی ئەو تیمەیان بە ئەستۆ گرتووە.

هیوا نەسیمی یەکێک لە وەرزشوانانی شاری مەریوانە کە پێشتر میداڵی بڕۆنزی کێبڕکێکانی قارەمانیەتیی ئاسیای لە وڵاتی چین بەدەست هێناوە.

پێشتریش، وەرزشوانێکی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوی \"محەممەد ئەمین ڕەشە\" ناسراو بە \"شینەی حاجی هاشم\" ڕاهێنەری پرێس سینەی مەهاباد، بوو بە ڕاهێنەری تیمی میللی پرێس سینەی ئێران.