لاوێکی سنەیی ٦ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیتلاعات دەستبەسەرکرابوو

14:35 - 11 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد بەهۆی چالاکی لە دونیای مەجازیی‌دا، لەلایەن مەئموورە ئەمنیەتییەکانی شاری \"سنە\"وە دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەتای حەوتووی ڕابردوو، لاوێکی تەمەن ٢٨ ساڵە بە ناوی ئیرەج حەسەنیانی موختار دەستبەسەر کرابوو.

ئەو لاوە تەمەن ٢٨ ساڵەیە پاش دەستبەسەر کردنی، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە بە توندی ئازار و ئەشکنجە دراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە ڕاپۆڕتێکدا، ڕایگەیاند: کەسێک بە ناوی حاجی حەبیبی کە بەرپرسی بەڕێوەبەریی ستادی خەبەریی ئیتلاعاتی شاری سنەیە، ئەو لاوە کوردەی بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئەو ناوەندە زیندانی کردووە.

لە ماوەی ئەو شەش ڕۆژەدا، ئەو لاوە کوردە لەلایەن مەئموورەکانی ئیتلاعاتەوە ئازار و ئەشکنجە دراوە و بەو هۆیە ناوبراو دوو ددان و لووتی شکاوە.

سەرچاوەی هەواڵی کوردپا هۆکاری دەستبەسەر کردن و لێدانی ئیرەج حەسەنیانی بە \"لایەنگریی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیون و چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو وایبەر و ئیمۆ\" ڕاگەیاندووە.

نزیکانی بنەماڵەی حەسەنیانی لە شاری سنە لە پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیدا بە ئاژانسی کوردپایان ڕاگەیاند: ئیرج پاش ئازاد بوونی لە ژووری تاکەکەسی، هەنووکە لە نەخۆشخانەی \"خومینی\"ی شاری سنە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

پێشتریش، چەندین لاو لە شارەکانی کرماشان، سنە، سەقز.... بە تۆمەتی هاوشێوە بانگهێشتی ئیدارەکانی ئیتلاعاتی ئەو شارانە کراون و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

بەرپرسانی ئەمنیەتی_قەزایی لە کوردستانی ئێران، کاربەرانی دونیای مەجازییان بە \"هەوڵدان بۆ تێکدانی بارودۆخ و ئارامیی ڕۆژئاوای وڵات\" تاوانبار کردووە و ماوە ماوە هەوڵی دەستبەسەر کردنی لاوانی کورد دەدەن.

کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوو، \"فرێدۆم هاووس\"، وڵاتی ئێرانی لە ڕوانگەی بەرتەسک کردنەوەی ئازادیی ئینتێرنێتی لە نێو وڵاتانی جیهاندا ، بە پلەی دووهەم لە جیهاندا دانابوو.

ئەو ناوەندە نێونەتەوەییە، ڕاستەوخۆ دەزگای قەزایی و سپای پاسدارانی لە دروستکردنی دۆخی هەنووکەیی لە ئێران بە بەرپرس زانی.