لاوێکی دیواندەرەیی بۆ تێپەڕاندنی حوکمی زیندانییەکەی رەوانەی زیندان کرا

13:54 - 30 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە، کە لەلایەن دەزگای قەزایی حکومەتی ئیسلامییەوە بە زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی کوردی خەڵکی دیواندەرە، کە ماوەیەک پێش ئێستا بە هۆی چالاکیی سیاسییەوە حوکمی ٤ مانگ و نیو زیندانیی تەعزیری بۆ بڕابوویەوە، بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە.

شاهۆ مەحموودی، کوڕی عەلی و خەڵکی شاری دیواندەرە، ئەو لاوە کوردەیە، کە رۆژی شەممەی رابردوو، رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەز رەوانەی زیندانی شاری سنە کراوە.

ئەو لاوە کوردە، سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کرابوو.

شاهۆ مەحموودی، بۆ تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری سنەوە حوکمی ٤ مانگ و نیو زیندانیی بۆ بڕابوویەوە.

ئەو چالاکە کوردە، پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا حوکمی زیندانی کرانەکەی لەلایەن لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی شاری سنەوە پشتڕاست کرایەوە، رۆژی شەممەی رابردوو بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی لەلایەن بەشی ئیجرای ئەحکامی دادگای سنەوە بانگهێشت و رەوانەی زیندانی ئەو شارە کرابوو.