لاوێکی خەڵکی پاوە بەدەستی هێزە ئینتزامییەکانی شاری تاران کوژرا

21:47 - 21 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی پاوەیی لە شاری تاران و پاش ئەوەی لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــرانەوە دەستبەسەر کرا، بەهۆی لێدان و بەرکەوتنی باتۆم، گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لاوێکی پاوەیی بەناوی \" فازڵ فەتاحی\" پاش ئەوەی لەلایەن ‌هێــزە ئینتزامییەکانی شاری تارانەوە دەستبەسەر و درابوویە بەر لێدان، لە ئەنجامی بەرکەوتنی باتۆم، گیانی لەدەست دا و تەرمی ناوبراو لەلایەن شارەوانیی تارانەوە نێــژراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، چەند رۆژ پێش ئێستا بنەماڵەی فازڵ فەتاحی لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە لە کوژرانی رۆڵەکەیان ئاگادار کراونەتەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێـزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێــران ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە هۆکارێکی ناڕوون داوەتە بەر لێدان و هەتا ئێستاش سەرەڕای ئەوەی کە بنەماڵەی ناوبراو بە مەبەستی بەدواداچوون سەردانی تارانیان کردووە، هێــزە ئینتزامییەکان هیچ زانیارییەکیان پێ راەگەیاندوون.

دەگوترێت کە فازڵ فەتاحی چەند مانگ پێش ئێستا بە هۆی کێشەیەکی تایبەتییەوە لە بنەماڵەکەی دوور کەوتبووەیەوە و بەرەو تاران رۆیشتبوو.