لاوێکی تەمەن ١٦ لە شاری شنۆ خۆی کوشت

19:49 - 21 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی خەڵکی شاری شنۆ بە هۆی کێشەی خۆشەویستیەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، لاوێکی ١٦ ساڵە بە ناوی \"مەسعوود بێهروزی\" کوڕی ڕەمەزان خەڵکی شاری شنۆ هەوڵی خۆکوژی دا و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە هۆکاری خۆکوژیی مەسعوودی بۆ کێشەی خۆشەویستی گەڕاندووەتەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو لاوە کوردە کچێکی خۆشەویستووە و بنەماڵەکەی لەگەڵ داخوازی کردنی ئەو کچە ناڕەزایەتییان دەبڕیووە، ناوبراو بەو هۆیەوە دەستی داوەتە خۆکوژی.

کۆمەڵناسان لەو باوەڕەدان، هۆکاری کۆمەڵایەتیی وەکوو هەژاری، نەبوونی پشتیوانی، بێ هیوایی بە داهاتوو، سەرەکیترین هۆکارەکانی خۆکوژی لاوان و مێرمنداڵان لە ئیراندا ئەژمار دەکرێت.