لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵ لە ناوچەی سنە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا

21:55 - 31 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: بە خۆکوژیی لاوێکی تەمەن ٢١ ساڵەی کورد لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، ئاماری خۆکوژیی پیاوان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ٣١ رۆژی رابردوودا گەیشتە ١٣ کەس.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بێهزاد سەعدوڵلاهی کوری شەمسەدین و خەڵکی گوندی شیان لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بەهۆکارێکی ناڕوون کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ئەو لاوە تەمەن ٢١ ساڵەیە، لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژیی داوە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەروەها لە رێکەوتی ١٩ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی رابردوودا، ئامۆزایەکی بێهزاد سەعدوڵڵاهی بەناوی محەممەد سەعدوڵڵاهی تەمەن ١٩ ساڵ، کە ئەویش خەڵکی گوندی شیانی ناوچەی سنە بوو، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنابوو.

هەر لەو پێوەندییەدا برازایەکی بێهزاد بە ناوی سالار سەعدوڵڵاهی کوڕی حەیدەر لە کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٢ کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی، بێکاری، فشار کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەکان بە هۆکارەکانی خۆکوژی و توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا لە قەڵەم ئەدەن.

بەگوتەی ئەو کارناسانە، نەبوونی لێکۆڵینەوە لەمەڕ هۆکارەکانی خۆکوژی و توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا ئەو فاکتەرانەن، کە حکوومەت لەهەمبەر زیادبوونی ئاماری خۆکوژی و توندوتیژی‌دا لێی بەرپرسیارە.