لاوێکی تەمەن ١٨ ساڵ لە شاری ورمێ بە تۆمەتی\"ئەمنیەتی\" دەستبەسەر کرا

15:35 - 18 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: حیفازەت ئیتلاعاتی شاری ورمێ لاوێکی کوردی تەمەن ١٨ ساڵ لەو شارەیان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕ، لاوێکی کورد خەڵکی شاری ورمێ لە شوێنی کارەکەی لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ورمێ شوناسی ئەو لاوە کوردەیان بە\"شەمسەدین عەلیزادە\" تەمەن ١٨ ساڵ کوڕی عومەر ڕاگەیاندووە.

دەوترێ، ئەو لاوە کوردە بە تۆمەتی\" هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە چارەنووسی ئەو لاوە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری هەواڵدەریی کوردپا لە ساڵی ڕابردوو، ٥٦٤ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەدەنی، وێبلاگنووسی و ژینگەپارێزی دەستبەسەر و بۆ ١١٩ کەس لەو هاووڵاتییانە حوکمی زیندان بڕدراوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکان و قوەی قەزاییە لە تاوانبارانی سەرەکیی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە وڵاتی ئێرانن.